بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش بڕیاری نوێی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژادرنی تورکیا بۆ ڕادەست نەکردنی حوکمی فەرمی بەو شارەوانانەی کە پێشتر بە فەرمانی حکوومەت لە دۆخی نائاسایی پاش کوودەتای 15ی تەمووزی 2016 لە کارەکانیان دوور خرابوونەتەوە و ئێستا لە لایەن میللەتەوە هەڵبژێردراون پارێزگاریی وان لە بەیاننامەیێکدا بەڕێوەبردنی هەر چەشنە کۆبوونەوە، ڕێپێوان، میتینگ، لێدوانی ڕۆژنامەوانیی و ... لە هەموو پارێزگای وان بۆ ماوەی یەک حەفتە قەدەغە کرد.
لە درێژەی بەیاننامەکەی پارێزگاریی وان-دا هاتووە: بە ئاوڕدانەوەی لەوەی کە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژادرنی تورکیا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی ناڕەزاییەکان هەمبەر ئەنجامی هەڵبژادنی هەندێک لە شارەوانییەکانە و پڕۆسەکەش درێژخایەن بووەتەوە و ژمارەیێک لە کاندیدەکان کە سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانن و ناڕازین لە ڕادەست نەکردنی پۆستەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە، ئێستا دەستیان داوەتە گرژی خستنە ناو خەڵک و بەگوێرەی زانیارییەکان گرووپی تیرۆریستیی پەکەکە هەوڵی ئەمە ئەدات تا بە کەڵک وەرگرتن لەم دۆخە ئاژاوە بخاتە ناو خەڵک و لە شارەکاندا پەرە بە توندوتیژی بدات. بۆیەش بەمەبەستی پاراستنی ئەمنییەت و ئارامیی شارەکان بۆ ماوەی 7 ڕۆژ دۆخی تایبەت لە پارێزگای وان ڕادەگەیێندرێت.
شایانی باسە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا حوکمی فەرمیی دەست بەکار کردنی ڕادەستی سێ کاندیدی پێشیارکراوی هەدەپە نەکردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment