عه‌بدولمه‌هدی: هه‌وڵمان دا ڕێگری له‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا دژی سوپای پاسداران بکه‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌بستان و میسر و ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 9ی نیسانی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ میانی كۆنفڕانسی ڕۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا باسی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا كرد و ڕای‌گه‌یاند: عێراق بۆ ڕێگری له‌ بڕیاره‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رکرده‌کانی ڕیاز، قاهیره‌ و واشنتۆنه‌وه‌ گرت به‌ڵام ئه‌نجامێکی لێنه‌که‌وته‌وه‌.

ناوبراو گوتیشی: هه‌وڵمان دا ڕێگری له‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌مریکا بکه‌ین هاوپه‌یوه‌ند به‌ سوپای پاسدارانی ئێران له‌ ڕێگای په‌یوه‌ندی‌گرتن له‌گه‌ڵ سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پاشای سعوودییه‌، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆک کۆماری میسر و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاش به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ پێداگری له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی خۆی کرد.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌موان ده‌پارێزین و خۆمان له‌ پێکدادان و کێشمه‌کێشم دوور ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئێران و ئه‌مریکاشمان ئاگادار کردۆته‌وه‌ که‌ نامانه‌وێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ و ناکۆکییه‌کان.

عه‌بدولمه‌هدی جه‌ختی کرده‌وه‌: عێراق ده‌یه‌وێت ببێته‌ ناوه‌ندی قورساییی هه‌رێمی‌ و ناچێته‌ پاڵ هیچ به‌ره‌یێک، مه‌نتیقی ئێمه‌ بۆ ته‌عامول له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌ چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کانه‌ و عێراق نابێته‌ به‌شێک له‌ پێکدادانه‌ هه‌رێمییه‌کان.

ناوبراو ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ بڕیاری ئه‌مریکا له‌باره‌ی به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ڵه‌یه‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ کردوووه‌ و هۆشداریشی دا که‌ ئه‌و کاره‌ مومکینه‌ کارتێکه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌که‌ ببێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌وپه‌ڕی تواناكانی خۆمان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ سه‌قامگیركردنی ناوچه‌كه‌ ئه‌ویش به‌له‌به‌ر‌چاوگرتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ی له‌گه‌ڵ تاران و واشنتۆندا هه‌مانه‌.

عه‌بدولمه‌هدی باسی له‌وه‌ کرد که‌ ده‌سته‌ی په‌رله‌مانه‌کانی عه‌ره‌بستان و ئێران له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ی و دراوسێکان له‌ به‌غدا به‌شداری ده‌کات و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ عێراق هه‌وڵه‌کانی بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌که‌ چڕ ده‌کاته‌وه‌ و به‌مزووانه‌ش سه‌ردانی عه‌ره‌بستان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌کانی ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ئۆردۆن ڕێککه‌وتننامه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ واژۆ بکات.

سه‌رچاوه‌: به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52995

Your Comment

You are replying to: .
captcha