ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی نیگەرانییەکان لە پابەند نەبوونی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەگەری پێبەند نەبوونی هەولێر لەسەر ڕێکەوتنی ڕادەست کردنی داهاتە نەوتییەکان بە حکوومەتی ناوەندی بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: یاسای بوودجەی 2019ی عێراق بە بێ هیچ کەموکوڕییێک جێبەجێ دەکرێت و هیچ پرسێک نابێتە ڕێگری ئەم یاسایە.
ناوبراو زیادی کرد: بڕگەی ج مادەی 10ی یاسای بوودجەی عێراق لەباەری نەت و ئەو ڕێژەیە کە هەرێمی کوردستان دەبێت ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی بکات باس دەکات و لەم بڕگەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەبێت پێبەندی ڕادەست کردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە حکوومەتی ناوەندیی عێراق بێت لەبەرانبەر ئەو بوودجەیە کە بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەڵام هاتووە کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێبەندی ڕادەست کردنی نەوت بە حکوومەتی ناوەندی نەبێت مووچەی کارمەندان و پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و پرسی نەوت و ڕادەست کردنی پێوەندیی بە بەغداوە نابێت.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید جەختی کردەوە بە گوێرەی مادەی 130ی دەستووری عێراق ئەگەر یاسایێک پەسەند کرا ڕەت کردنەوەی دژوار دەبێت و ئەمەش مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەس ناتوانێت پێشێلی بکات.
ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی دا بە تاوتوێ کردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردە کردنی لە لایەن هەولێرەوە و وتی: دادگای فیدراڵ بەم زووانە هەڵویستی خۆی لەسەر ئەم پرسە ڕادەگەیێنێت.
شایانی باسە دادگای فیدراڵی عێراق دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو سکاڵایە کە لەم دادگایە لەبارەی یاسایی بوون یا نەبوونی هەناردە کردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، تۆمار کراوە تاوتوێ دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment