کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌شاری هه‌ولێر چاویكه‌وت به‌ماری پارێت لێپرسراوی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا له‌هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه باسیان له‌دوایین گۆڕانكارییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
له‌باره‌ی دۆخی ئێستای عێراق و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و پرسه هه‌ڵواسراوه‌كانی دیكه كه ته‌وه‌رێكی گرنگی دیداره‌كه‌بو، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه، ده‌بێت كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و رێكه‌وتنی سیاسییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، هه‌روه‌ك هه‌ردوولا خوازیاربوون كه هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كان بتوانن له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆی بنیاتنه‌ره‌وه خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان زیاتربكه‌ن له‌پێناو گه‌یشتن به‌رێكه‌وتنێكی گشتگیر تا پرۆسه‌ی سیاسی عێراق نه‌گاته بنبه‌ست و ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕێنرێت.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداوه، قوباد تاڵه‌بانی دوپاتیكرده‌وه، پێویسته ده‌ستور بكرێته بنه‌مای چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
Your Comment