حكوومه‌تى عێراق دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ به‌نێوده‌وڵه‌تی‌کردنی ​مه‌رزی سه‌یرانبه‌نی بانه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حكوومه‌تى عێراق دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ به‌نێوده‌وڵه‌تی‌کردنی مه‌رزی سه‌یرانبه‌نی بانه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت چوونکه‌ ڕووبه‌ری مه‌رزه‌که‌ بچووکه‌ و بینای پێویست بۆ فه‌رمانگه‌کان دروست نه‌کراوه‌.

کوردپرێس:

له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنه‌یێکی حکوومه‌تی عێراق که‌ نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ و ته‌ندروستی‌ و بازرگانی‌ و دارایی و گواستنه‌وه ‌و كشتوكاڵیان ده‌کرد سه‌ردانی مه‌رزه‌کانی پشته‌، کێلێ، سه‌یرانبه‌ن و تۆیلایان کرد به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌کردنی ڕاپۆرتێک له‌سه‌ر جێبه‌جێ کردنی ڕێکاره‌کانی به‌نێوده‌وڵه‌تی کردنی مه‌رزه‌کان.

له‌مباره‌وه‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئێن ئاڕتی له‌ هه‌واڵێکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ لیژنه‌ی حکوومه‌تی عێراق مه‌رزی سه‌یرانبه‌نی بانه‌یان به‌ سه‌ر کردۆته‌وه‌ و دۆخی مه‌رزه‌که‌یان بۆ گۆڕینی به‌ مه‌رزێکی نێوده‌وڵه‌تی لێکداوه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌که‌ی حکوومه‌تی عێراق پاش به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مه‌رزی سه‌یرانبه‌نی بانه دژایه‌تیی خۆیانیان له‌گه‌ڵ به‌نێوده‌وڵه‌تی‌کردنی مه‌رزه‌که‌ ڕاگه‌یاندووه‌ چوونکه‌ ڕووبه‌ری مه‌رزه‌که‌ ته‌نها حه‌وت دۆنم زه‌وییه‌ و بینای پێویست بۆ فه‌رمانگه‌کان دروست نه‌کراوه‌ و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ عێراق داوا ده‌کات ڕووبه‌ری مه‌رزه‌که‌ بۆ 200 دۆنم فراوان بکرێت و بینای پێویست بۆ فه‌رمانگه‌کان دروست بکرێت.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا حکوومه‌تی عێراق مه‌رزی‌ سه‌یرانبه‌نی بانه‌ی‌ به ‌فه‌رمی‌ نه‌ناساندووه‌ به‌ مه‌رزێکی نیمچه‌فه‌رمی داده‌نرێت و به‌ شێوه‌یێكی سنووردار ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ده‌كرێت.

مه‌رزی سه‌یرانبه‌ن به‌ دووری 45 کیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكووری قه‌زای پێنجوێنه‌وه و‌ له‌ دوای‌ مه‌رزی‌ باشماخ ده‌بێته‌ دووه‌م مه‌رز‌ له‌ سنووری‌ قه‌زاکه‌دا و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی بانه ‌و سه‌قز و سه‌رده‌شتی‌ ئێران.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52940

Your Comment

You are replying to: .
captcha