مومکین نییە سووریا بۆ پێش 2011 بگەڕێتەوە/ حکوومەتی ناوەندی بانگهێشتی دانووستان دەکەین

بەشی سووریا- حکمەت حەبیب، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک جەخت دەکاتەوە کە گەڕانەوەی سووریا بۆ پێش 2011 نامومکینە و دەڵێت حکوومەتی ناوەندیی سووریا بانگهێشت دەکەین بۆ درێژە دان بە دانووستانەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکمەت حەبیب ئاماژەی دا بە دوا گۆڕانکارییەکان لە سووریا و وتی: لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە یەک ستراتێژی ڕوونمان گرتۆتە بەر و لە بەرژەوەندیی خەڵک شەڕمان کردووە. ئێمە لە قەیرانی سووریا ڕێگای سێهەممان هەڵبژارد. وەکوو هێزەکانی پاراستنی گەل و بەڕێوەبەریی خۆسەری باکووری سووریا بەرگریمان لە خەڵکی ناوچەکە کرد و ژێرخانەکانی وڵاتمان دامەزراند.

ناوبراو درێژەی دا ئێستاش بانگهێشتی حکوومەتی ناوەندی دەکەین بۆ دانووستان. گەڕانەوەی سووریا بۆ پێش 2011 مومکین نییە. پڕۆسەی دانووستانی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی سووریا درێژەی دەبێت بەڵام هەندێک کەس لە نێو حکوومەتی سووریا هەن کە بەنیازن وڵات بۆ پێش 2011 بگەڕێننەوە و نایانهەوێت کێشەی نێوان ئێمە و حکوومەتی ناوەندی چارەسەر بکرێت.

حکمەت حەبیب وتیشی ئێستا حکوومەتی ناوەندی سەرپشکە، ئەگەر هەوڵ بۆ یەکگرتنی میللەت دەدات دەبێت ڕێگای دانووستانێکی جیددی بگرێتە بەر و مۆڵەت نەدات وڵاتەکەمان کێشەی نوێی بۆ دروست ببێت. لە هەموو کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکاندا کە لەبارەی سووریا پێکدەهێندرێت نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی سووریا بوونیان نییە بۆیەش لە کۆبوونەوەکانی ژێنێڤ، ئەستانە و سۆچی-دا هیچ سەرکەوتنێک دەستەبەر ناکرێت.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی دەبێت لە کۆمیتەی داڕشتنی یاسای بنەڕەتیدا خەڵکی سووریا بوونیان هەبێت و بۆ داهاتووی سووریا میللەتەکەی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڕیار بدەن. واتە میللەتی سووریا دەبێت یاسای بنەڕەتیی خۆیان دابڕێژن.

سەرچاوە: هاوارنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52936

Your Comment

You are replying to: .
captcha