وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌سیرانی داعش یارمه‌تیی کورد ناده‌ن

به‌شی جیهان- ئێستاکه‌ش وڵاتانی ڕۆژئاوا دووره‌په‌رێزی ده‌که‌ن له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ به‌ داواکاریی کورد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ندکراوانی داعش له‌ سووریا بۆ وڵاته‌کانیان و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌مدواییه‌دا کورده‌کان توانییان هه‌وڵی ئه‌سیرانی داعش بۆ هه‌ڵاتن له‌ زیندانه‌کانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵیان پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دروسته‌ که‌ کوردی سووریا توانیویه‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش کۆنتڕۆڵ بکات به‌ڵام ئه‌وان کێشه‌یێکی دیکه‌یان به‌ ناوی هه‌زار به‌ندکراوی داعش هه‌یه‌ که‌ هیچ یه‌ک له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاماده‌ نیین بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ وڵاته‌کانیان.

له‌ ساڵی 2016وه‌ تاکوو ئێستا کوردی سووریا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی بۆ سه‌ر داعش له‌و وڵاته‌ هه‌زاران چه‌کداری داعشی ده‌ستگیر کردووه‌. ژماره‌یێک له‌ به‌ندکراوانی داعش که‌ مه‌ترسیدارترین ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ن هاووڵاتیی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌وان وڵاتانی ڕۆژئاوان. کورده‌کان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌کداره‌ به‌ندکراوه‌ داعشییه‌کان بۆ وڵاته‌کانیان ده‌که‌ن به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا نه‌ک هه‌ر پێشوازی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌کداره‌ داعشییه‌کان ناکه‌ن به‌ڵکوو مافی هاووڵاتی‌بوونیشیان له‌و که‌سانه‌ سه‌ندۆته‌وه‌.

هاوپه‌یمانیی جیهانیی دژه‌داعش که‌ هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی کورد له‌ سووریایه‌ له‌مدواییانه‌دا باس له‌ ڕووداوگه‌لێکی ناخۆش ده‌کات؛ ڕووداوگه‌لێک که‌ پێشتر به‌رپرسانی کوردی سووریا نیسبه‌ت به‌ ڕوودانی ئه‌و ڕووداوانه‌ هۆشدارییان دابوو. ڕۆژنامه‌ی گاردییه‌ن و ئیندیپێندنتی به‌ریتانیا له‌ زاری هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعشه‌وه‌ ڕاپۆرتیان دا که‌ به‌ندکراوانی داعش له‌ زیندانێکی ناوچه‌ی دیرکی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ نیگابانانی زیندانه‌که‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ بوونه‌. هاوپه‌یمانییه‌که‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ به‌خته‌وه‌رانه‌ هاوپه‌یمانانی کورد توانیویانه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی شتێک ڕوو بدات دۆخه‌که‌ کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌.

به‌رپرسانی کوردی سووریا چه‌ندین جار داوایان له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمه‌ڵگای جیهانی کردووه‌ که‌ ئاوڕ له‌ بابه‌تی به‌ندکراوانی داعش بده‌نه‌وه‌ و دادگه‌یێکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دادگه‌یی‌کردنی ئه‌و چه‌کدارانه‌ دابمه‌زرێنن چوونکه‌ کورد ئیمکاناتی پێویستی بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندکراوه مه‌ترسیدارانه‌‌ له‌ به‌رده‌ستدا نییه.

به‌رپرسانی کوردی سووریا هۆشدارییان داوه‌ ئه‌و به‌ندکراوانه‌ی داعش هه‌ڕه‌شه‌یێکی هێزه‌کی بۆ سه‌ر جیهان به‌تایبه‌ت ئه‌ورووپان و مومکینه‌ هه‌لقۆستنه‌وه‌ له‌ که‌مبوونی ئیمکاناتی لۆجستیی کورد بکه‌ن و خۆیان ده‌رباز بکه‌ن.

ته‌نها کارێک که‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ بابه‌تی به‌ندکراوی داعش له‌ سووریا ئه‌نجامیان داوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژماره‌یێک له‌ وڵاته‌کان ئاماده‌ییی خۆیانیان ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر ڕێوشوێنی تایبه‌تدا ژن و منداڵی چه‌کدارانی داعش بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52917

Your Comment

You are replying to: .
captcha