به‌پێی هه‌واڵی کوردپریس، فیلمی گوڵ نسا له ده‌رهێنانی "سه‌تار چه‌مه‌نی گوڵ" و له نووسینی "ڤیدا ساڵحی" و ده‌ورگێڕانی سه‌عید داخ، عه‌لی محه‌مه‌د ڕادمه‌نش، یگانه ڕه‌جه‌بی، ساقی زینه‌تی، مه‌سعوود محه‌مه‌دی و ڤیدا عه‌موویی له نوێترین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌ییی خۆی و به نوێنه‌رایه‌تی له سینه‌مای ئێران له به‌شی کێبه‌رکێی "فیلمی درێژی سینه‌مایی"ی سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ده‌رهێنه‌ره سه‌ربه‌خۆ"کانی لیۆنی فه‌ڕه‌نسا نمایش ده‌کرێت و له چه‌ندین به‌شدا ده‌بێته کاندیدی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌و فێستیڤاڵه.
له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ده‌رهێنه‌ره سه‌ربه‌خۆکان"دا زیاتر له 195 به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری وڵاتانی جیهان ڕه‌وانه کراوه که له ئه‌نجامدا 7 فیلمی سینه‌مایی ده‌چنه قۆناغی کۆتایی و بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵات پێکه‌وه کێبه‌رکێ ده‌که‌ن.
فیلمه‌کانی سێهه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ده‌رهێنه‌ره سه‌ربه‌خۆکان" له ڕۆژانی 12 بۆ 17ی خاکه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ (1 بۆ 6ی ئه‌یپڕێڵی 2019) به شێوه‌ی هاوکات له شاره‌کانی لیۆن و پاریسی فه‌ڕه‌نسا و له‌سه‌ر بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵه‌که به مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌ی سینه‌ما له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له شاری به‌یرووت له وڵاتی لوبنان نمایش ده‌کرێن.
شایانی باسه؛ فیلمی سینه‌ماییی "گوڵ نسا (golnesa)" له نوێترین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا بوو به كاندیدی باشترین سیناریۆ و باشترین ده‌رهێنه‌ر و باشترین وێنه‌گر له به‌شی "سینه‌مای جیهان" له دووهه‌مین خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی "دارولسه‌لام" ناسراو به ئۆسكاری ئه‌فریقایی و دوو خه‌ڵاتی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ی برده‌وه.
ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه ده‌رباره‌ی ژن و پیاوێكی ئه‌فغانییه به ناوه‌كانی گوڵ مه‌مه‌د و گول نسا كه پاش ئاواره‌بوونیان بۆ وڵاتی ئێران له كارگه‌یێكی كووره‌ی خشتبڕی كار ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامی چه‌ند ڕووداوێكدا ژیانی ئه‌م دوو که‌سه گۆڕانی سه‌یریان به سه‌ردا دێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment