گوتەبێژی ئاکپارتی وتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانە دەکات

بەشی تورکیا- گوته‌بێژی ئاک پارتی، عومه‌ر چه‌لیک رایگه‌یاند: "لێدوانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ توركیا، لێدوانێكه‌ ئیدانه‌ ده‌كرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی توركیا كه‌ له‌ 31ی ئادار به‌ڕێوه‌چوو، عومه‌ر چه‌لیک رایگه‌یاند: "هیچ ئۆرگان یان لێدوانی هیچ ده‌وڵه‌تێكی بیانیی سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی توركیا نییه‌".

چه‌لیک لە کۆنگرەیێیکی رۆژنامەوانیدا کە لە ئەنقەرە بۆی رێکخرابوو، بانگه‌وازێكی ئاڕاسته‌ی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی كۆنگرێسی ئیداره‌ی ناوچه‌یی و ناوخۆیی كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا كرد كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ردانی توركیایان كردبوو و رایگه‌یاند: "ئه‌و میكانیزمانه‌ی مافی ده‌ست گه‌یشتن به‌ زانیاری و پێدانی زانیاریانه‌ی بۆ ئێوه‌مان ده‌سته‌به‌ركردبوو له‌ هیچ شوێنێكی جیهان هێنده‌ چالاک و هێنده‌ به‌هێز نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، عومه‌ر چه‌لیک رایگه‌یاند: "هاووڵاتیانمان ده‌سه‌ڵات بده‌نه‌ كێ، مۆری شاره‌وانی ده‌درێته‌ ئه‌و كه‌سه‌. ئه‌و بڕیاره‌یش دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن ده‌یدات".

ناوبراو گوتیشی: "پاراستنی شكۆی دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن ئه‌ركی هاوبه‌شی هه‌موومانه‌، با واز بهێنین دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن كاره‌كه‌ی بكات، با یاسا كار بكات و رێز له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ بگرین".

هاوكات له‌باره‌ی كڕینی S400 له‌ رووسیا، عومه‌ر چه‌لیک رایگه‌یاند: "داواکردن له‌ توركیا بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنێک كه‌ ته‌واوبووه‌، بێ رێزییه‌ به‌رامبه‌ر مافه‌كانی سه‌روه‌ری توركیا".

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئه‌ندامێتی توركیا له‌ ناتۆ، چه‌لیک رایگه‌یاند: "نه‌مانتوانی سه‌رسوڕمانمان بشارینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستێكی بێ ئاگایانەی كه‌ توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52879

Your Comment

You are replying to: .
captcha