ڕۆحانی داوا لە عەبدولمەهدی دەکات لە لافاوەکەی ئێراندا هاوکاریی دەوڵەتی تاران بکات

بەشی ئێران/ کوردی- ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕێگای تەلەفۆنەوە سەرکۆماری ئێران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێوەندیی گرت و لە بارەی عیلاقاتی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق ڕایانگەیاند پێوەندییەکانیان مێژوویی و ستراتێژین و ڕۆحانییش داوای لە عەبدولمەهدی کرد پڕۆسەی پاک کردنەوەی ڕووباری ئەروەند (شەتولعەرەب) خێرا بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ سێشەمە 26ی ئازاری 2019 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە ڕێگای تەلەفونەوە پێوەندیی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و لەو پێوەندییە تەلەفونییەدا دوایین پێشهاتەکانی هەر دوو وڵات و ناوچەکە تاوتوێ کرا و حەسەن ڕۆحانی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران پڕۆسەی پاک کردنەوەی شەتولعەرەب خێرا بکەنەوە لەبەر ئەوەی ئاسانکاری بۆ خوڕبوونی ئاوەکانی بەشی ڕۆژئاوای ئێران دەکات.

لە پێوەندییە تەلەفونییەکەدا حەسەن ڕۆحانی پاش پیرۆز کردنی ئاهەنگی نەورۆز ڕایگەیاند بە گرینگەوە دەڕواننە پێوەندیی نێوان عێراق و ئێران و عیلاقاتی تاران و بەغدا ستراتێژیک و مێژووییە.

هەر لەو پێوەندییە تەلەفونییەدا ڕۆحانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی خۆی بۆ عێراق کرد و ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکات ئەو سەردانە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە عیلاقاتی نێوان تاران و بەغدا.

ڕۆحانی هەر لە پێوەندییە تەلەفونییەکەدا زەروورەتی پێوەندیی نێوان هەردوو وەزیری وزە و ئاوی ئێران و عێراقی بە هەند وەرگرت و داوای پتەوکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

هەر لە پێوەندییە تەلەفونییەکەدا بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد سەردانی تاران بکات.

لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ بەغدا بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران وعێراق و هیواشی خواست ئەوە سەرەتایێک بێت بۆ داهاتوویێکی گەشتر لە ئێران و عێراق و ناوچەکەش.

عادل عەبدولمەهدی وەڵامی داواکارییەکەی ڕۆحانی بۆ پاک کردنەوەی شەتولعەرەب دایەوە و زیادیشی کرد: پاک کردنەوەی ڕووبارەکە و لابردنی ڕسووماتی ڤیزە لە نێوان ئێران و عێراق دوو ڕێککەوتنی هەرە گرینگی نێوان دوو وڵات بووە و ئێمەش بە خێرایی ڕێککەوتنەکان ێبەجێ دەکەین و دەست دەکەین بە پاک کردنەوەی شەتولعەرەب ئەوەش بە مەبەستی هاوکاری کردن لەگەڵ ئێران لە لافاوەکەی ئەم دواییەی خۆرئاوا و باشووری ئەو وڵاتە.

عەبدولمەهدی لە وەڵامی بانگهێشتەکەی ڕۆحانی بۆ سەردان‌کردنی تاران ئەو بانگهێشتەی قبووڵ کرد و ڕایگەیاند بەم زووانە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکە دەکەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 52764

Your Comment

You are replying to: .
captcha