بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ سێشەمە 26ی ئازاری 2019 کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی لافاوەکانی ئێران بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە پێوەندی بە پارێزگا لێقۆماوەکانەوە کرا و فەرمانی پێویست لەبارەی چارەسەری کێشەکانەوە دەرکرا.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە ئەرتەش و سوپای پاسداران و مانگی سوور و هەموو دامودەزگا حکوومییەکان کرد لەم بەڵا سروشتییەدا خێراتر بە هانای لێقۆماوانەوە بچن و بۆ ڕەوان کردن ئاوی ناو شارەکان خێراتر کار بکەن و هەموو توانا تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیان بەکار بهێنن بۆ ئەوەی دۆخی شارەکان ئاسایی بکرێتەوە.
ڕۆحانی گوتیشی هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری کێشەکە ئەوەیە ئاوی ناو شارەکان خاڵی بکرێتەوە و بەو مەبەستەش دەبێت تیمەکانی ئەندازیاریی سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوی خێراتر هەڵبگرن.
ناوبراو ستایشی ددان بەخۆداگرتنی هاووڵاتییانی لێقۆماوی کرد و داواشی کرد بە هەمان خۆڕاگرییەوە یارمەتیی تیمەکانی فریاکەوتن و ئەندازیارانی سوپا و ئەرتەش و لایەنە پێوەندیدارەکان بدەن بەڵکوو زووتر ئەو بەڵا سروشتییە لەسەر شارەکانیان دوور بکەوێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.
شیاوی ئاماژەیە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی باران بارینی زۆرەوە چەند پارێزگای ئێران تووشی لافاوی قورس بوون. لافاوەکە سەرەتا لە پارێزگای گوڵستانەوە دەستی پێکرد و لە کۆڵان و شەقامەکانی چەند شارێکدا قووڵاییی ئاوەکە تا یەک مەتر و نیو دەگەیشت. تیمەکانی فریاکەوتن و ئەرتەش و سوپای پاسداران دەستیان بەکار کرد و بە کەرەستە و جیهازی پێویستەوە یارمەتییان گەیاندە هاووڵاتییانی لێقۆماو بەڵام ئێستاش کێشەکە بەدەوامە و شەقام و کۆڵانەکانی چەند شاری گوڵستان بە ڕێژەیێکی زۆر ئاوی تێدا ماوە و هەوڵەکان بۆ گواستنەوە و خاڵی کردنی ئاوەکە بەردەوامە.
ڕۆژی ڕابردووش لە دەروازە قورئانی شاری شیراز لە ماوەی دە خولەک باران باریندا لافاوێکی قورس دروست بوو و ئوتومبیلێکی زۆری ڕاماڵی و بەو هۆیەشەوە 17 کەس گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون و خەساری قورسی لە ئوتومبیلەکانیش دا.
هەر لە پارێزگای لوڕستان و کرماشان و خووزستانیش لافاو کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کرد و لە شاری سەرپێڵۆەهاوی کرماشان هاووڵاتییێک بە بۆنەی لافاوەوە گیانی لە دەست دا و کانێکس و شوێنی نیشتەجێ بوونی کاتیی لێقۆماوانی بوومەلەرزەکەی ساڵی پار بە دەم لافاوەوە چوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێی پێشبینییەکانی ئیدارەی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارینی قورس لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دێتە نێو ئێران و دەستەی سەرۆکایەتیی دەوڵەت هۆشداری داوە کە پارێزگارەکان لەگەڵ تیمەکانی فریاکەوتن ئامادەی هەموو چەشنە ڕووداوێکی سروشتی بن.
Your Comment