به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 24ی ئاداری 2019 كۆبونه‌وه‌ی لووتكه له نێوان عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆک كۆماری میسر و مه‌لیک عه‌بدوڵڵا پادشای ئۆردۆن به مه‌به‌ستی تاوتوێ كردنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ر سێ وڵات‌دا ئه‌نجام درا و تێیدا له‌سه‌ر هه‌شت خاڵی گرنگ تایبه‌ت به هه‌ر سێ وڵات ڕێككه‌وتن.
دوابه‌دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی لووتکه‌ی عێراق و ئۆردۆن و میسر، هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا په‌یوه‌ندییه جوگرافی و مێژوویییهكانی نێوان هه‌ر سێ وڵاتیان به‌رز نرخاند كه به‌هۆیه‌وه كاریگه‌ریی كلتووری و ڕۆشبیری له‌سه‌ر هه‌ر سێ گه‌له‌كه دروست كردوووه و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتێجی و ئابوورییه‌كانی هه‌ر سێ وڵات كرده‌وه تا گه‌شه بده‌ن به هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوانیان.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر پێشهات و ڕووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ناوچه‌كه گفتوگۆ كرا و جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی هاوسه‌نگی و ئارامی ناوچه‌كه و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ر سێ وڵات و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی كرایه‌وه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ژماره‌یێک له وڵاتانی عه‌ره‌بی بوونه‌ته‌وه گفتوگۆ كراوه به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی گه‌لی فه‌له‌ستینه‌وه و ڕایانگهیاندوووه: "گه‌لی فه‌له‌ستین خاوه‌نی هه‌موو مافێكی شه‌رعی خۆیانن له بنیادنان و دروست كردنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر خاكی خۆیان و دیاری كردنی قودس وه‌ک پێته‌ختی وڵاته‌كه‌یان".
هاوكات له‌باره‌ی دۆخی ئاڵۆز و پڕقه‌یرانی وڵاتانی سووریا و لیبیا و یه‌مه‌ن و وڵاتانی دیكه گفتوگۆ كرا و هیوایان خواست تا كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی داهاتوو كه به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوخه‌می و به‌رزنرخاندنی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كاندا له وڵاتی توونس ئه‌نجام ده‌درێت، دۆخه‌كه به‌ره‌و پێشتر بچێت.
هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه باسیان له گرنگیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و لایه‌نگرانی تیرۆر به هه‌موو هێز و ڕێگایێک كرده‌وه و سووربوونی خۆیان له‌سه‌ر ته‌واوكردن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی جه‌نگی گشتگیری دژ به ڕێكخراوی چه‌كداری داعش دووپات كردوووه‌ته‌وه و پشتیوانیی ته‌واویان بۆ هه‌وڵه‌كانی عێراق له بنیادنانه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی وڵاته‌كه و گه‌ره‌نتی كردنی مافی هاونیشتیمانیانی ده‌ربڕیوه.
هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که له‌باره‌ی گرنگیدان و كاركردنی چڕ بۆ پشتیوانی كردن له دامه‌زراوه نیشتیمانییه‌كانی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان ڕایانگه‌یاند: ئه‌و دامه‌زراوانه گهرهنتییێکی گرنگه دژ به مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و ناكۆكییه تایفی و مه‌زهه‌بییه‌كان تا گیانی هاونیشتیمانی بوون و دیموكراتی و پاراستنی سه‌ربه‌خۆییی وڵاته‌كان و ڕێگری كردن له ده‌ستخستنه ناو كاروباری ناوخۆیی بپارێزن.
هاوكات له‌باره‌ی كاركردن بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رته‌كانی ئابووری و وزه و ژێرخانی ئابووری هه‌ر سێ وڵات و دووباره بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌كه گفتوگۆ كراوه و ئاماژه به ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زیادكردنی وه‌به‌رهێنانه هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان دراوه.
هه‌ر سێ وڵات له‌باره‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كانیان له ئارامی و ئاسایش و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه هاوبه‌شه‌كانیان له ڕێگه‌ی هاوكاری كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوڕێیان و دروست كردنی په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی ڕێككه‌وتوون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment