بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عادل عەبدولمەهدى ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ ماتەمینى گشتى دەبێت لە سەرتاسەرى عێراق و سەرجەم کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانى دەرەوەى وڵات.
بڕیاریشە هەینی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دانیشتنێكی نائاسایی گرێ بدات بۆ تاوتوێ كردنی ڕووداوەكە.
هاوکات لە دوای رووداوەکە عادل عەبدولمەهدى فەرمانی کرد لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا لێکۆڵینەوەى بەپەلە لە ڕووداوەکەى موسڵ بکرێت.
لەلایێکى دیکەوە، فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاندووە فەرمانی دەرستگیرکردن بۆ خاوەنی دوورگە گەشتیارییەکە و خاوەنی بەلەمەکە دەرچووە و لە ئێستادا نۆ کارمەندی بەلەمەکە دەستگیرکراون.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ پەیامێکى بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، "له ئامادهباشیی تهواودان بۆ ههموو پشتیوانی و هاوکارییێکى لێقەوماوان."
بارزانی باسی لەوەش کردووە، "ههموو دامودهزگا پهیوهندارهکانی حکوومهتی ههرێمی کوردستان ئاڕاستهکراون و له ئامادهباشیی تهواودان بۆ ههموو پشتیوانی و هاوکارییێک، نهخۆشخانه و بهشهکانی فریاکهوتنیش له ههرێمی کوردستان له پێشوازیی لێقهوماواندان."
نێچیرڤان بارزانى هاوخهمیی خۆشی بۆ خانهواده و کهسوکاری ئەو کەسانە دەربڕى کە بەهۆى ژێر ئاوکەوتنى بەلەمەکەوە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
پێنجشەممە لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا و لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکووری ڕووباری دیجلە کردبوو، بەلەمێک لەناو ڕووبارەکەدا ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە قوربانییێکی زۆری لێکەوتەوە. سەرچاوەکان لەبارەی هۆکاری ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمەوە باسیان لە پچڕانی ئەو سیمانەوە بووە کە هاوسەنگیی بەلەمەکەی ڕاگرتووە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، ئەو گەشتیارانەی گیانیان لەدەست داوە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، باس لەوەش کراوە ٣٣ ژن و ١٢ منداڵ و ١٠ پیاو لەناو ئەو کەسانەدان کە گیانیان لەدەست داوە.
سەرچاوە: میدیا عێراقییەکان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment