کوردپرێس:
دیداری بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لە هەولێر بەڕێوە چوو کە تێیدا ژمارەیێک لە کۆمپانیاکانی هەردوولا و ژمارەیێک بازرگانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و هەروەها 16 کۆمپانیای هەرێمی فلاندەرزیش بەشدارن کە مەبەستیانە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. هەروەهاش لە دیدارەکەدا هەریەک لە پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان بەشدار بوون.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "هەولێر دەبێتە پێگەیێکی بەهێزی ئابووری و بازرگانی، نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ بەشەکانی دیکەی عێراقیش، بە تایبەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانی وەکوو مووسڵ و ناوچە رزگارکراوەکانی دیکە. بۆیە ئێمە پاڵپشتیی تەواو و هاوکاری و ئاسانکاری تەواوی ئەو هەوڵانەی شاندی میوان و ژوورە بازرگانییەکانی خۆمان دەکەین بۆئەوەی بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی 10 ساڵدا و تاوەکوو پێش قەیرانی دارایی، 10 ملیار دۆلاری بۆ پێشخستنی سەرجەم سێکتەرەکان خەرج کرد".
هەروەها هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان بە هیممەتی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ بووەتە ساڵی وەبەرهێنان و ئاڵۆگۆڕی شاندە بازرگانی و دیپلۆماسییەکان.
هەڤاڵ ئەبوبەکر هەروەها رایگەیاند: "وڵاتەکەی ئێمە وڵاتێکی کشتوکاڵی گەورەیە، زۆرترین رێژەی بارانی لێدەبارێت، خاکێکی زۆر باش و بەپیتی هەیە، دەستی کاری باشی هەیە، بڕێکی زۆر خۆر لێی دەدات، ئاوێکی زۆری سەر زەوی و ژێر زەوی هەیە، خەڵکەکەی قبووڵی هەموو جیاوازییەکان و کولتوور و فەرهەنگەکانی دیکە دەکات، لە هەرێمی کوردستان ئارامی و ئاسایشێکی تەواو هەیە، کەرتی تایبەت زۆر بە لێوەشاوانە و شایستانە هاتووەتە ناو ئەو پرۆسەیەوە، حکومەت پشتیوانییەکی گەورەی پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی ئەمنیەتە، بۆیە بەلای ئێمەوە گرنگە بتوانین ئەو پەیوەندیە بازرگانیانە دروستبکەین و لە پەیوەندی بازرگانییەوە هەموو سێکتەرەکانی دیکە ببووژێنینەوە".
پەیوەست بە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبووبەکر گوتی: " 32%ی هەموو پیشەسازیی عێراقی تێدا کۆ بووەتەوە، ناوچەیێکی کشتوکاڵی زۆر بەپیتە لەسەر ئاستی هەموو جیهان، 370 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە، 7 هەزار و 373 کۆمپانیا لە شاری سلێمانی کار دەکەن کە 942یان کۆمپانیای بیانین یان لقەکانیانن، 2 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە پارێزگاکە دەژین، فڕۆکەخانەیێکی نێودەوڵەتیی زۆر باشی هەیە کە یەکەم ترانزێتی لەسەر ئاستی ناوچەکە لەنێوان باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەورووپای تێدایە، دوو دەروازەی نێودەوڵەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، چوار مەرزی فەرمیی لەگەڵ ئێران هەیە، لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بە تورکیا و حکوومەتی عێراق و شوێنەکانی دیکەوە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی باشی هەیە".
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی: "بەرنامەی هەموومان ئەوەیە بۆ ئەمساڵ بایەخێکی زۆر بە کشتوکاڵ و بواری پیشەسازی و گەشتوگوزار بدەین، دەرفەرتێکی زۆر باشی سەرمایەگوزاری وەبەرهێنان لە کوردستان و پارێزگای سلێمانیدا هەیە، ئومێد دەکەین ئەو بەڕێزانەی هاتوون ببنە باڵیۆز و نوێنەری راستەقینەی کۆمەڵگەی ئێمە، هەموومان لە دژی تیرۆر جەنگاوین، دژی پیسبوونی ژینگە و ماددە هۆشبەرەکان دەجەنگین، هەوڵ بدەین بە هەموومان ئابوورییێکی باشی وەها لە ناوچەکەدا دروست بکەین کە بتوانێت سەقامگیری دروست بکات، چوونکە سەقامگیریی ئەم ناوچەیە دەکاتە سەقامگیریی هەموو دونیا".
*لە تەلەڤزیۆنی ڕووداو وەرگیراوە
Your Comment