بەپێی هەواڵی کوردپرێس حسێن محەمەدی فەرماندەی گشتیی یەکەی پاراستنی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای ئیلام لەو باریەوە ڕایگەیاند لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 4 هەزار کەیسی هەڵمەتی دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلە مێژووییەکان دراوە و ئەنجامی ئەو هەڵمەتانەش دۆزینەوەی 550 شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنینە بووە کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ژیاری ئیلام کە پێش زایین لە ناوەڕاستی ئێران سەری هەڵدابوو.
فەرماندەی گشتیی یەکەی پاراستنی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای ئیلام گوتیشی: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وڵاتی ئێران هەموو جۆرە هەڵکەندنی عەرز بۆ دۆزینەوەی کەلوپەلی کۆنینە تاوانە و دەزگا ئەمنییەکان بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبنەوە و بەو پێیەش لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 36 کەس بە تۆمەتی تاڵان کردنی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنینە و مێژوویی دەستبەسەر کراون و پاش تۆمارکرانی دۆسیە بۆ تۆمەتباران ڕادەستی دەسەڵاتی داد کراون.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەر لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 4 بینای مێژوویی لە پارێزگای ئیلام دەستیان تێخراوە و زیانیان بەرکەوتووە.
محەمەدی لە کۆتاییدا ئەوەشی ڕاگەیاند: "بوونی ئەو شنوێنەوارە مێژووییانە بەڵگەن بۆ شانازی کردن بە شارستانییەت و ژیاری ناوچەکە کە مێژووەکەی دەکەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێش زایین و پێویستە ئیرادەی باشتر بنوێنین بۆ پاراستنی ئەو بەڵگە مێژووییە بەنرخانە."
Your Comment