کوردپرێس:
شه‌مدین ساکیک فه‌رمانده‌یێکی پێشووی په‌که‌که‌یه که به زیندانی هه‌تایی حوکم درا و ئێستا له زیندانی تورکیایه. جارێکیان ساکیک له گفتوگۆیێکدا وتبووی: من و سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی و مه‌لا مسته‌فا بارزانی سێ که‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی مێژووی کوردستانین!
هاوسه‌نگه‌ره‌کانی ساکیک ئه‌و پیاوه‌یان به خه‌یانه‌تکار و له ڕێگهلاداو ده‌زانی بۆیه بێ‌گومانی له‌باره‌ی خۆیه‌وه درۆی ده‌کرد به‌ڵام له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فاوه قسه‌که‌ی ڕاست بوو.
مه‌لا مسته‌فا ئه‌و که‌سایه‌تییه مێژووسازهیه که بێگومان به ئاسانی ده‌توانین ناوه‌که‌ی به‌رینه ته‌نیشت ناوی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی. هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ی چاوپۆشی له‌و بابه‌ته بکه‌ین که کورد ڕه‌خنه له سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی ده‌گرن که 700 ساڵی پێش مه‌لا مسته‌فا ئیلتیزامی بۆ "ده‌وڵه‌ت-میلله‌ت" نه‌بوو و ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی له چالاکییه‌کانیدا نه‌بوو؛ به‌ڵام له‌باری شوێندارهییان له مێژوودا ده‌کرێت ناوی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی له ته‌نیشت یه‌ک دابنێین.
ڕای گشتیی کورد له‌و قه‌ناعه‌ته‌دایه قیاده کورده‌که‌ی شه‌ڕی خاچه‌کان یه‌کێکه له‌و که‌سایه‌تییه ده‌گمه‌نانه‌ی خورهه‌ڵات که ته‌نانه‌ت له سه‌ده ڕهشهکانیشدا به‌بۆنه‌ی ئیلتیزام کردن به یاسا و ئه‌خلاقی جه‌نگ و حکومڕانییه‌وه جێی ڕێزه. به‌نموونه هێنانه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی وه‌کوو نموونه‌یێکی مامه‌ڵه‌کردنی نامێژوویی له‌گه‌ڵ مێژوو له عه‌قڵییه‌تی کورددا له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت.
به‌ڵام ئاستی ئه‌و نامێهرهبانییه به‌رانبه به مێژوو ئێجگار زۆره و نه‌ک هه‌ر له کوردستانی کۆن و سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا بووه به‌ڵکوو له مێژووی هاوچه‌رخیشدا هه‌مان دیارده ده‌بینرێت.
خه‌مساردی به‌رانبه‌ر به مێژوویش دوو ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌کی له خۆ ده‌گرێت: یه‌که‌م مێژوونووسینی ڕووتین و ئاسایی و دووهه‌م مامه‌ڵه‌کردنی قووڵ و ڕه‌خنه‌گرانه له‌گه‌ڵ مێژوو. به کورتی بیرکردنه‌وه له مێژوو له کوردستاندا په‌راوێز خراوه و به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت.
مه‌لا مسته‌فا بارزانی له هه‌موو که‌س زیاتر له مێژووی کورددا شوێندانه‌ر بووه به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه ئه‌گه‌رچی 40 ساڵ به‌سه‌ر کۆچی دواییی ئه‌و که‌سایه‌تییه مه‌زنه‌دا تێده‌په‌ڕێت هێشتا ژیاننامهیێکی به‌ڵگه‌دار و بێلایه‌نانه و ئاکادیمییانهی لێ بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه.
پارتی دیموکراتی کوردستان تاکه حیزبه که باسی ژیانی مه‌لا مسته‌فای کردووه و گێڕانه‌وه‌که‌ی ئه‌و حیزبه‌ش گێڕانه‌وه‌یێکی وه‌فادار به حه‌قیقه‌ت نییه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌یێکی ئوستووره‌ییه. له لایێکی دیکه‌شه‌وه دژبه‌رانی مه‌لا مسته‌فا که ئێستا ده‌نگیان وه‌کوو جاران دلێر نییه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ئیعتیباری ئه‌و که‌سایه‌تییه مێژوویییه که‌م بکه‌نه‌وه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وه حیزبی و شه‌خسییانه که سیمای مه‌لا مسته‌فا به ته‌واو چاک یان ته‌واو خراپ پیشان ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که مه‌لا مسته‌فا له مێژووی کورددا پێگه‌یێکی به‌خۆوه ته‌رخان کردووه که که‌س ناتوانێت لێی بستێنێته‌وه. ئه‌وه‌ش که ئه‌و که‌سایه‌تییه له خانه‌ی چاک یان خراپ‌دا جێی بکرێته‌وه به خوێندنه‌وه‌ی نازانستی ناکرێت و ئه‌و بابه‌ته پێویستی به توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ورد و خۆبواردن له بڕیاردانی ئه‌رزشییه.
بارزانییه‌کان چۆن هاتنه مێژووی کورده‌وه؟
بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه وه‌کوو بنه‌ماڵه‌یێکی خاوه‌ن ناو له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ناوچه‌که‌ش ده‌رکه‌وتن.
خاڵی ده‌ستپێکی بارزانییه‌کان بۆ سیاسه‌ت کردن "ته‌رێقه‌ت" بوو. ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی که پاش ڕووخانی هەردوو ئیمارەتی بابان و ئەردەڵان له نیوه‌ی سه‌ده‌ی 19 له هه‌موو کوردستان بڵاوه‌ی کردبوو و هۆکارێکی بڵاوه کردنی ئه‌و تهرێقهتهش ئه‌وه بوو پاش ڕووخانی ئیماره‌ته‌کان مه‌رجه‌عییه‌ت نه‌ما و جگه له‌وه‌ش ساکاربوونی جێنشینی و ئاریستۆکراسیی ئایینی له ته‌رێقه‌تی قادری زه‌مینه‌خۆشکه‌ر بوو بۆ بڵاوه‌کردنی ته‌رێقه‌تی نه‌قشبه‌ندی.
شێخ و پێشه‌وا ئایینییه‌کان له کوردستان پاش ڕووخانی هه‌ر دوو ئیماره‌تی ئه‌رده‌لان و بابان ده‌وری زیاتریان ده‌بینی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیمچه‌ده‌وڵه‌تی ئیماره‌ته‌کان ڕووخابوون و هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ئێران و تورکیاش هێشتا له‌دایک نه‌بووبوون. ئه‌و بۆشایییه‌ی قیاده‌ی کوردی و نه‌بوونی عه‌قڵییه‌تی سیسته‌می به خانه‌قا و ته‌کیه‌ی شێخ و سۆفییه‌کان پڕ کرایه‌وه که به وته‌ی "مارتین ڤان برۆین سه‌ن" له‌و شوێنانه‌ی فره‌ڕه‌نگیی عه‌شیره‌یی زیاتر بێت و سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ئاغا و ڕه‌عیه‌تی زاڵ بێت خانه‌قا و ته‌کیه‌ی شێخه‌کانیش زیاترن و له‌و ناوچانه‌ش عه‌شیره‌کان یه‌کده‌ست بن زه‌مینه بۆ په‌ره‌سه‌ندنیان که‌متر ده‌بێت.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی په‌یتا په‌یتای نه‌ته‌وه‌خوازی له نێوان وڵاتانی دراوسێ.
چینی ڕۆشنبیر و خوێنه‌واری کۆمه‌ڵگای کورد کێ بوون؟ له‌و سه‌رده‌مه‌دا که ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ناسنامه‌یێکی ئێلی و عه‌شیره‌یی بوو و نوخبه شانشینه‌کان ژماره‌یان زۆر که‌م بوو مێزهرهبهسهر و مه‌لاکان تاکه چینی خوێنه‌واری کۆمه‌ڵگا بوون. هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه قیاده‌ی یه‌که‌م بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی له کوردستانی ئێرانیش و له قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانییه‌کانیش شێخێکی ته‌رێقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بوو به ناوی شێخ عوبه‌یدوڵڵا شه‌مزینان. شێخ سه‌عیدی پیرانیش له تورکیا قیاده‌یێکی شوێنکه‌وتووی ته‌رێقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بوو که یه‌که‌م شۆڕشی کورده‌کان دژی جمهوورییه‌ت به سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و کرا. سه‌رهه‌ڵدانی بارزانییه‌کان له سیاسه‌تی کوردییش به‌پێی هه‌مان په‌یڕه‌و ڕووی دا. ئه‌گه‌رچی دواتر ڕێچکه‌ی جیاوازی گرته‌به‌ر. ده‌یه‌کانی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م سلێمانی که‌وته ژێر کاریگه‌ریی نوێخوازیی ئه‌ده‌بیی ئیماره‌تی بابان که بیره‌وه‌ریی ئه‌و ئیماره‌ته تا ئه‌و کاته‌ش زیندوو بوو و ئه‌و نوێخوازییه به‌ستێنێکی فیکری و فه‌رهه‌نگیی کوردی له‌گه‌ڵ بوو که له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تی چینی مامناوه‌ندی کۆمه‌ڵگا ده‌هاته‌وه و له دیکه‌ی ناوچه‌کان ئه‌و زه‌مینه‌یه فه‌راهه‌م نه‌بوو.
هه‌روا که پێشتر گوتمان مه‌لا مسته‌فا به‌رهه‌می نه‌ریتێکی جیاوازی نه‌ته‌وه‌خوازی بوو به‌ڵام له سلێمانی ژیابوو و هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی ئه‌و شاره و ئه‌ندامانی حیزبی هیوا و ژماره‌یێک کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی شێخ مه‌حموودی نه‌مر وای کردبوو ئه‌زموونی نوێ وه‌ربگرێت و ئاسۆی گه‌ش به ڕووی خۆیدا بکاته‌وه. به دڵنیایییه‌وه ئه‌زموونی ژیانی مه‌لا مسته‌فا له سلێمانی و هه‌ڵس و دانیشتنه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌لا نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان له بارهێنانی شه‌خسییه‌ت و بیرۆکه‌ی بارزانیدا کارتێکه‌ر بووه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له ده‌یه‌کانی دواتردا توانیی وه‌کوو قیاده‌یێکی گه‌وره و نیشتیمانی له سه‌رووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌وه جێی خۆی بکاته‌وه و هه‌م سه‌رۆکایه‌تیی شار بکات و هه‌م سه‌رۆکایه‌تیی شاخ. هه‌ندێک جاریش مێژوو یارمه‌تیی ده‌دا و پێگه‌که‌ی به‌رز ده‌کرده‌وه.
یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌ش که یارمه‌تیی مه‌لا مسته‌فای دا شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی بوو که به‌هۆی سوپای سووره‌وه بۆشایییێکی ده‌سه‌ڵاتی له باکووری ئێران دروست کرد و کۆماری مه‌هابادی لێ ههڵقۆڵی. مه‌لا مسته‌فای بارزانی و هاوڕێکانی پاش ئه‌وه‌ی له شۆڕشی دژی ڕژێمی پاشایه‌تیی عێراق شکستیان هێنا و وه‌کوو په‌نابه‌ر هاتنه مه‌هاباد ده‌ستبه‌جێ وه‌کوو هێزی سه‌ربازی بوونه بڕبڕه‌پشتی حکوومه‌تێکی تازهپاگرتوو. پاش ڕووخانی کۆماری مه‌هابادیش مه‌لا مسته‌فا پاشهکشێیێکی مێژوویی به‌ره‌و سۆڤییه‌ت کرد و بوویه پاڵه‌وانی چیرۆکی نه‌ته‌وه‌خوازی کورد.
پاشه‌کشێی به‌رنامه‌دار به درێژاییی سنووره‌کانی ئێران و تورکیا و عێراق و شه‌ڕی ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازیی هه‌ر سێ وڵات و له ئه‌نجامدا په‌ڕینه‌وه له به‌سته‌ڵه‌کی ڕووباری ئه‌ره‌س به ڕێپێوانی دوور و درێژی حیزبی شیووعیی چین له بیسته‌کاندا دهشوبهێندرا. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌وری کارای بینی بۆ دروست کردنی ههیکهلییهتێکی ئوستووره‌یی له مه‌لا مسته‌فای بارزانی. خاڵی دووهه‌م که وه‌کوو به‌ختێک یارمه‌تیی مه‌لا مسته‌فای دا ڕووداوێکی ساڵی 1958 بوو ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌فسه‌ره شۆڕشخوازه‌کانی حکوومه‌تی فه‌یسه‌ڵ ئه‌و حکوومه‌ته‌یان تێکشکاند و بانگهێشتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی‌یان کرد که پاش 11 ساڵ دوورخرانه‌وه له سۆڤییه‌ته‌وه بگه‌ڕێته‌وه عێراق.
بارزانی گه‌ڕایه‌وه و له به‌نده‌ری به‌سره و پاشانیش له به‌غدا وه‌کوو قاره‌مانێک پێشوازیی لێ‌کرا. مه‌لا مسته‌فای ته‌مه‌ن 55 ساڵی ئه‌وده‌م زۆر گۆڕدرابوو. ئه‌و که‌سایه‌تییه چیتر ته‌نیا لای بارزانییه‌کان سه‌رۆک نه‌بوو به‌ڵکوو گه‌وره‌ترین قیاده‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری کورد و که‌سایه‌تییێکی ناسراوی عێراقی بوو که ڕکابه‌ریی جیدی و نوێ وه‌کوو حیزبی شیووعی نه‌یده‌توانی پێگه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا بکێشێته ژێر پرسیاره‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی پاش سێ ساڵ که عیلاقاتی له‌گه‌ڵ قاسم تێکچوو به ئاسانی سه‌رکردایه‌تیی ڕاپه‌ڕینێکی گه‌وره‌تری کرد.
ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی له ساڵانی دواییدا وه‌کوو گه‌وره‌ترین بزووتنه‌وه‌ی کوردی له هه‌موو مێژوودا تۆمار کرا که پێش ڕووخانه‌که‌ی ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه و هه‌زاران مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و ئه‌ندامی سوپا و سه‌دان پزیشک و ئه‌ندازیار و مه‌لا و مامۆستای زانکۆی له‌خۆ ده‌گرت.
له‌و کاته‌وه بوو پڕۆسه‌ی کاریزمابوونی مه‌لا مسته‌فا به‌ره‌و ئاقارێک چوو که چیتر گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بوو.
ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش قه‌رزداری پێشینه‌ی خه‌باتی مه‌لا مسته‌فا و زیره‌کی و بیرۆکه‌ی سه‌ربازی و بوێری و دلێری و ژیانی ساده و تێکه‌ڵ بوونی به خه‌ڵکی بوو.
سێ ساڵ پاش ده‌ست پێکردنی شۆڕش -ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ئهیلوول- ساڵی 1964 ناکۆکی که‌وته نێوان بارزانی و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی و ئه‌و ناکۆکییه‌ش له ئه‌نجامدا بووه هۆی جیابوونه‌وه. ئه‌وانه‌ی له حیزب جیا بوونه‌وه تۆمه‌تی خه‌یانه‌تیان لێدرا و به ئاسانی له بازنه‌که خرانه ده‌ره‌وه.
لێره‌دا خاڵێکی زۆر هه‌ستیار هه‌یه که به بێ خوێندنه‌وه‌یێکی مێژوویییانه ناکرێ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین. زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی ئێران و عێراق له‌و ناکۆکییه‌دا پشتگیریی بارزانی‌یان کرد و حه‌قیان به مه‌لا مسته‌فا دا. هۆکارێکی سه‌ره‌کیش ئه‌وه بوو ناوبانگی مه‌لا مسته‌فا و که‌سایه‌تیی کاریزماتیکی ناوبراو که به ئاسانی ده‌یتوانی ناوزڕانی لێبکه‌وێته‌وه که‌وته پێش هه‌موو شت و براوه و دۆڕاوه‌که‌ی ئه‌و ناکۆکییه‌ی ده‌ستنیشان کرد.
هه‌ڵبه‌ت ئێره‌یی بردن و حه‌ساده‌تی شه‌خسی، چاوچنۆکی، نوقم بوون له ئایدیا و تیئۆرییه‌کان و ته‌نانه‌ت هاندان و بزواندنی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی بێگانه‌ش به‌شێک بوون له هۆکاری ئه‌و ناکۆکییه‌ی نێوان ئه‌ندامانی پارتی.
هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خه‌مساردیی بارزانی به‌رانبه‌ر به یاسای حیزبی و ڕای گشتی و هه‌روه‌ها متمانه‌کردنی نه‌ریتی به بازنه‌ی داخراوی بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵێک هۆکاری دیکه‌ش زه‌مینه‌یان بۆ ئه‌و ناکۆکییه خۆش کردبوو. له پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا نابێ خاڵێکی دیکه‌ش ئیهمال بکرێت: هه‌رکام له‌و دوو لایه‌نه‌ی موناقشهکه نوێنه‌ری باڵێکی نه‌ته‌وه‌خوازی کورد بوون که خێزگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیاوازیان هه‌بوو و تێڕوانین و ڕوانگه‌ی جۆربه‌جۆریان هه‌بوو.
که‌لێنی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه له کاتێکدا که که‌سایه‌تییێکی کاریزماتیک و گشتگیری وه‌کوو مه‌لا مسته‌فا له حیزب‌دا بوو نه‌یده‌توانی سه‌رهه‌ڵبدات به‌ڵام پاش کۆچی دواییی بارزانی که‌لێنه‌که قووڵتر بوو و کوردستانی عێراقی هه‌ڵلووشی.
مه‌لا مسته‌فای شۆڕشگێڕ له باری عه‌قڵی و هزرییه‌وه ڕوانگه‌ی کۆنسێرڤاتیڤی هه‌بوو و باڵی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی کۆمه‌ڵێک چه‌پخواز بوون که له باری فیکرییه‌وه خۆیان به بێ‌نیاز ده‌زانی و له تانوپۆی نه‌ریتیی کۆمه‌ڵگای کوردستانی ئه‌وده‌م به ڕوانگه‌ی کۆنسێرڤاتیڤییهوه تێنه‌ده‌گه‌شتن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ش له ئه‌نجامدا مه‌لا مسته‌فای بارزانی یه‌که‌م قیاده‌ی کورد بوو که توانیی ده‌وڵه‌ت ناچار بکات واز له دوژمنایه‌تی بهێنێت و داواکارییه‌کانی کورد قبووڵ بکات. له ڕاستیدا بارزانی ڕۆژی 11ی ئاداری 1970 که به‌غدا ڕێککه‌وتننامه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی واژۆ کرد سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا و له‌و ڕووه‌وه تا ئه‌م کاته‌ش تاکه سه‌رۆکی به‌ده‌ستکه‌وتی کورد بووه.
هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌م بابه‌ته‌ش ئیهمال بکه‌ین که بارزانی و بازنه‌ی داخراوی ڕاوێژکاره‌کانی چوار ساڵ پاش ئه‌و سه‌رکه‌وتنه و به تایبه‌ت له مانگی ئاداری 1974دا که دیسان گڕی جه‌نگ بڵێسه‌ی سه‌نده‌وه خوێنده‌وه‌ی وردیان بۆ ههستۆکیی ژئیۆپۆلهتیکی ناوچه‌که نه‌کرد و به باشی له په‌یڕه‌وی ده‌ولی و عیلاقاتی هه‌رێمی تێنه‌گه‌شتن. ڕاسته ده‌وڵه‌تی عێراق په‌یمانشکێنی کرد و یه‌ک ساڵی کۆتاییی شه‌ڕه‌که له ڕاستیدا درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد نه‌بوو به‌ڵکوو شه‌ڕی نیابه‌تیی نێوان ئێران و عێراق له خاکی کوردستاندا بوو.
مانگی ئاداری 1974 دوایین خولی گفتوگۆکانی بارزانی و ڕژێمی به‌عس له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک شکستی هێنا و ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆکه‌ش جێنشینه‌کانی مه‌لا مسته‌فا ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌و و دیفاکتۆی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌ره‌نتیی ئه‌منیی به‌هێز بۆ پاراستنی هه‌رێمی کوردستان ئاشنان به‌ڵام به کرداری له‌سه‌ر هه‌مان عه‌قڵییه‌ت و مێتۆدی پێشنیازکراوی به‌غدا له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکه‌وه مامه‌ڵه ده‌که‌ن و ڕه‌زامه‌ندییان به‌رانبه‌ر به پێشنیازه‌که‌ی به‌غدا پیشان داوه.
پرسیارێکیتریش هه‌یه که به ناچاری هه‌موو مێژوونووسێک سه‌ره‌ته‌قه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کات. پرسیاره‌که‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌کدانانی بارزانی له ئاداری 1975.
ئایا بارزانی ناچار بوو واز له شۆڕش بهێنێت یان ئه‌وه بوو که به وته‌ی دژبه‌ره‌کانی وره‌ی شۆڕشگێڕیی تێیدا نه‌مابوو و عاده‌تی به پشتیوانیی ده‌وڵه‌ته بیانییه‌کان کردبوو؟
نه‌خۆشی و پیری و به‌رپرسیارێتیی له به‌رانبه‌ر سه‌دان هه‌زار ئاواره تا چ ڕاده‌یێک له‌و شکسته دڵته‌زێنه‌دا کارتێکه‌ر بوو.
ئاشکرایه که ئه‌و ئه‌نجامه ناخۆشترین ئه‌نجام بوو که قیاده‌ی کوردی چاوه‌ڕوانی ده‌کرد چوونکه له مێژووی هاوچه‌رخدا نموونه‌یێک نادۆزیته‌وه که به‌و شێوازه به ته‌نیا یه‌ک شه‌و حه‌یاتی سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌یێکی مه‌زنی ئه‌وتۆ کۆتایی پێهاتبێت به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و شکسته میراته‌که‌ی بارزانی به‌جێما چ له ڕووی نه‌ریتی شۆڕش و خه‌باته‌وه له چوارچێوه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان و چ له ڕووی جێنشینییه‌وه که هه‌ر دوو کوڕه‌که‌ی وه‌کوو جێ‌نشین ئه‌و نه‌ریته ئێلی و عهشیرهتییهیان پاراست.
شکستهێنان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کۆچی دواییی مه‌لا مسته‌فا ده‌رفه‌تی بۆ دژبه‌ران ڕه‌خساند که خۆیان له ژێر ڕکێفی کاریزمای بارزانی ده‌رباز بکه‌ن و تا ڕاده‌یێکیش توانییان ئه‌و مه‌به‌ستیان بگه‌یێنه ئه‌نجام. چل ساڵ پاش ئه‌وه‌ش کوردستانی عێراق بوو به جیهانێکی دووفاقی که له نیوه‌یدا میراتی بارزانی به‌رز ڕاده‌گیرێت و له نیوه‌ی دیکه‌شیدا نه‌ریتی دژبه‌ره‌کانی بارزانی.
ئه‌و دووفاقییه سه‌ره‌تا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی کۆده‌نگی له‌سه‌ر بایه‌خ و ده‌ستکه‌وتی مێژووییی هاوبه‌شی نێوانیان نه‌مێنێت. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر دوو کاره‌ساتی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه نه‌بوایه گێڕانه‌وه‌یێکی مێژوویی نه‌ته‌وه‌ساز زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بوو به‌ڵام ئێستا پێده‌چێت تای شایهنهکه به لای پارتی قورس‌تر بوو ئه‌گه‌رچی ڕێگایێکی دوور و درێژی ماوه بیبڕێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه به تاکه‌حیزبی حاشاهه‌ڵنه‌گری سه‌رده‌می بارزانی.
ئه‌م وتاره به پرسیارێکه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و به هه‌مان پرسیاره‌وه کۆتاییی پێدیت: که‌ی توێژینه‌وه و خوێندنه‌وه‌یێکی بێلایه‌نانه و به‌ڵگه‌دار و جێ متمانه له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت؟ ئه‌و توانا و ده‌فرایه‌تییه چ له باری که‌سایه‌تی و چ له باری کۆمه‌ڵاتیشه‌وه که‌ی له کوردستاندا ده‌خولقێت؟
Your Comment