دڵشاد شه‌هاب: پارتی به‌ بێ یه‌كێتی حكوومه‌ت پێكناهێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکرده‌یێکی پارتی دیموکراتی کوردستان جه‌خت ده‌کاته‌ سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌شداریی یه‌کێتی له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ دیدارێكی ئه‌كادیمی له‌ شارۆچکه‌ی ئامێدی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌وه‌ کرد که‌ هیچ بڕیارێک نه‌بوووه‌ كه‌ پارتی به‌ بێ یه‌كێتی حكوومه‌ت پێكبهێنێت.

ناکۆکییه‌کانی نێوان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زارییه‌کان له‌ به‌غدایه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی پارتی، پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و له‌ به‌رانبه‌ردا پارتی ڕێگره‌ له‌ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی دادی عێراق له‌لایه‌ن یه‌کێتی و ئه‌و پۆسته‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆی ده‌زانێت و له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامی شاندی دانووستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: ناکرێ به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستێک له‌ به‌غدا، هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی دواخستنی پێکهێنانی حکوومه‌ت ببنه‌وه‌.

دڵشاد شه‌هاب له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ به‌ بابه‌تی که‌رکووک و ته‌ئکیدی یه‌کێتی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری که‌رکووک به‌ مه‌به‌ستی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌شڵێت: ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ قۆناغی ئێستادا پێداگری له‌سه‌ر دیاری‌کردنی پارێزگار بۆ که‌رکووک ده‌که‌ن ناتوانن به‌ شێوه‌ی ئازادانه‌ بچنه‌ ناو که‌رکووک که‌واته‌ ده‌بێ پرسی که‌رکووک وه‌کوو پرسێکی کوردستانی له‌گه‌ڵ به‌غدا باسی له‌سه‌ر بکرێت نه‌ک به‌پێی بنه‌مای حیزبی.

ناوبراو باسی له‌وه‌ کرد که‌ دانووستانه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامێکی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌ و گوتیشی: پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵێكی کاریگه‌ر و ئه‌رێنی له‌ دانووستاندنه‌كاندا بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵام هیچ بڕیارێک نه‌بوووه‌ كه‌ پارتی به‌ بێ یه‌كێتی حكوومه‌ت پێكبهێنێت. پارتی پێش سێ مانگ ده‌یتوانی به ‌بێ یه‌كێتیی ئه‌وه‌ بكات به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و فره‌حیزبی پارتی پێکهێنانی حكوومه‌تی تا ئێسته‌ دواخستوووه‌.

ئه‌ندامه‌که‌ی شاندی دانووستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئه‌وه‌شی باس كرد كه‌ نابێت پێكهێنانی حكوومه‌ت به‌هۆی كێشه‌ نێوخۆییه‌كانه‌وه‌ دوابخرێت و پارتی هه‌وڵی جدی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی كوردستان ده‌دات بو پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وانیش هاوكار بن و پارتی نییه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی پشتگوێ بخات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52169

Your Comment

You are replying to: .
captcha