که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ: قه‌یرانی ئابووریی ڕاسته‌قینه‌ی تورکیا تازه‌ ده‌ستی پێکردوووه‌

به‌شی تورکیا- سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ به‌ قه‌یرانی ئابووری له‌ تورکیا ده‌کات و ده‌ڵێت: قه‌یرانی ئابووریی ڕاسته‌قینه‌ له‌ تورکیا تازه‌ ده‌ستی پێکردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا له‌ لێدوانێکدا باس له‌ هه‌بوونی قه‌یرانێکی ئابووری له‌و وڵاته‌ ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: حکوومه‌ت به‌ ئاراسته‌کردنی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ چ که‌سێک به‌رپرسی قه‌یرانی ئابووری له‌ تورکیایه‌، ڕای گشتی به‌لاڕێدا ده‌بات و زلهێزه‌ بیانییه‌کان و پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا به‌ به‌رپرسی قه‌یرانی ئابووری له‌ تورکیا ده‌ناسێنێت. به‌رپرسی سه‌ره‌کیی ئه‌و قه‌یرانه‌ که‌سێکه‌ که‌ نزیک به‌ 17 ساڵه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات و گه‌ڕان به‌ دوای به‌رپرسی قه‌یران له‌ شوێنێکی دیکه‌ نالۆژیکانه‌یه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئه‌مڕۆکه ئێمه‌ قه‌یرانێکی ئابووری ئه‌زموون ده‌که‌ین. له‌و کاته‌دا که‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌مان له‌ ناو تورکیا بینی نوێنه‌رمان بۆ تێکڕای پارێزگاکانی ئه‌و وڵاته‌ نارد. له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئه‌گێستی ساڵی ڕابردوودا پڕۆژه‌یێکی 13 ماده‌ییمان بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ ئاراسته‌ کرد و هیچ یه‌ک له‌و 13 ماده‌یه‌ جێبه‌جێ نه‌کرا. ئێمه‌ هێشتا به‌ره‌وڕووی قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌که‌ین. قه‌یرانی ئابووریی ڕاسته‌قینه‌ له‌ تورکیا تازه‌ ده‌ستی پێکردوووه‌. بێکاری زیاتر ده‌بێته‌وه‌ و تورکیا بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ پێویستی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یێکی ستراتێژی هه‌یه‌. بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا له‌ ئاستی جیهانیشدا ببێته‌ وڵاتێکی خاوه‌ن ڕاوبۆچوون پێویستی به‌ چوار ماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ستراتێژی هه‌یه‌: 1) سه‌روه‌ریی یاسا 2) به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنان 3) ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی 4) گه‌شه‌خوازی.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی سۆزچی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52167

Your Comment

You are replying to: .
captcha