کوردپرێس:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کۆبوونەوەی نێوان عەبدولمهەدی و عەباس عێراقچی بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەمە 25ی شوباتی 2019 لە نووسینگەی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا بەڕێوە چوو.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق تەوەری کۆبوونەوەکەی نێوان عەبدولمەهدی و عێراقچی ڕێکخستن و ئامادەکاری کردن بۆ سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی بوو کە بڕیارە بەم زووانە سەردانی عێراق بکات و بەگەڵ بەرپرسانی فەرمیی ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.
هەر لە دیدارە دوو قۆڵییەکەدا هەردوو لا تیشکیان خستە سەر هاوکارییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی و سەرچاوەکانی ئاو و مەرزە هاوبەشەکان و نووسینی پڕۆتۆکۆلێکی هاوبەش لە بارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا پێشوازیی لە پەرەپێدانی عیلاقاتی نێوان دوو وڵات کرد و گوتیشی پێوەندیی باشی نێوان ئێران و عێراق دەوری ئیجابیی دەبێت بۆ پێشکەوتنی ناوچەکە.
عەبدولمەهدی لە دیدارەکەدا پێشوازیی لە دامەزراندنی شارۆچکەیێکی پیشەییی هاوبەش لە نێوان ئێران و عێراقدا کرد و ڕایگەیاند عێراق ئامادەیە شارۆچکەیێکی پیشەییی هاوبەش لە نێوان ئێران و عێراقدا دابمەزرێت وەکوو ئەو شارۆچکەیەی لە نێوان عێراق و ئوردن هەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هیوای ئەوەشی خواست دیدار و سەردانەکانی هەردوولا ببنە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندی و عیلاقاتی نێوان هەردوو وڵات و مافی عێراقیش لە بارەی سەرچاوەکانی ئاوەوە بخرێتەو ئەولەویاتی دیدار و دانیشتنەکانی نێوان هەردوولا.
بای خۆیەوە عەباس عێراقچی بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی ببێتە مایەی پێشخستنی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە باری ئابووری و بازرگانییەوە.
ئەو دیدارەش لە کاتێکدا بووە کە بریکاری وەزراەتی دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی لیژنەی هاوبەشی سیاسی کە ئەمڕۆکە لە بەغدا بەڕێوە چوو سەردانی وڵاتی عێراقی کردووە و بە یاوەریی شاندێکی ئێرانی کە لە باڵوێزی ئێران لە بەغدا و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی پێکهاتبوون لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیداریان کرد.
Your Comment