ئه‌یاد عه‌لاوی پێکهێنانی مینبه‌ری عێراقی ڕاده‌گه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی پڕۆژه‌یێکی چاکسازی له‌ عێراقی ڕاگه‌یاند به‌ ئامانجی چاکسازیی سیسته‌می سیاسی و بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی دژه‌گه‌نده‌ڵی و هۆشداریشی دایه‌ به‌رپرسانی عێراق له‌باره‌ی دروست بوونی نه‌وه‌ی سێیه‌می تیرۆریزم.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی عێراق و سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا پڕۆژه‌یێکی به ‌ناوی "چاکسازی له‌ سیسته‌می سیاسی و بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی دژه‌گه‌نده‌ڵی" ڕاگه‌یاند و وتی: لێره‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌یان مینبه‌ری چاکسازی له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ڕاده‌گه‌یێنێت.

عه‌لاوی ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد: له‌ ئێستادا کۆده‌نگییێک هه‌یه‌ بۆ دروست کردنی ده‌وڵه‌تێکی مه‌ده‌نی و داواشی له‌ هه‌موو لایێک کرد به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئینتیمای حزبی و عه‌شایه‌ری و تائیفی له‌ ده‌وره‌ی ئه‌و مینبه‌ره‌ کۆ ببنه‌وه‌ تا به ‌هه‌موو لایێک بتوانن هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ بۆ چاکسازی بنێن.

سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی راشیگه‌یاند: ده‌سته‌بژێری سیاسی له‌ عێراقدا له‌سه‌دا 5 زیاتر نابن بۆیه‌ داوای پێکهێنان و دروست کردنی ڕێکخراوه‌ پیشه‌ییه‌کان ده‌کات که‌ ڕێگه ‌ناده‌ن حزب مینبه‌ری چاکسازییه‌که‌یان کۆنتڕۆڵ بکات.

عه‌لاوی ڕوونیشی کرده‌وه‌: له‌ ڕابردوودا عێراق ڕۆڵێکی کاریگه‌ری بینیوه‌ له‌ سه‌قامگیرکردنی ئاشتی له‌ ناوچه‌که‌دا و پێویسته‌ له‌ ئاینده‌شدا ئه‌و ڕۆڵه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی له‌باره‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆرستیه‌کانه‌وه‌ وتی: "عێراق له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی پێگه‌یشتنی نه‌وه‌ی سێیه‌می داعشدایه‌ و پێویسته‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ عێراق تووشی ماڵوێرانییێکی دیکه‌ نه‌بێته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52140

Your Comment

You are replying to: .
captcha