کوردپرێس:
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا هەرای زۆری نایەوە و کاردانەوەکان بەرانبەر بەو بڕیارە جیاواز بوون. ڕۆژی هەینی 22ی شوباتی 2019 بەرانبەر بە 3ی ڕەشەمەی 1397 کۆشکی سپی لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاند بۆ ماوەیێکی نادیار ژمارەی 200 سەربازی ئەمریکی لە سووریا دەهێڵێتەوە و ئەو ژمارەیەش وەکوو سەربازی ئاشتیپارێز لە سووریا دەور دەبینن.
عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ههواڵی هێشتنهوهی 200 سهربازی ئهمهریكا له ناوچهكانی رۆژههڵاتی فورات له سووریا.
هاوسەرۆکی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژهی بهوهش كردووه، "بڕیارەکەی کۆشکی سپی بۆ هێشتنەوەی 200 سەربازی ئهمریكا وەک سەربازی ئاشتی پارێز بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناو دهبەین".
ناوبراو گوتیشی، ڕەنگە ئەم بڕیارە قەناعەت بە وڵاتانی ئەورووپیی ئەندامی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بهێنێت ئەوانیش هێزی خۆیان لە ناوچەکە بهێڵنەوە.
ئهوهشی خسته ڕوو، "پـێم وایە هێشتنەوەی ژمارەیێک لە سەربازانی ئەمەریکا و ژمارەیێکی زیاتر لە هێزەکانی هاوپەیمانان و لەگەڵیدا پاراستنی ئاسمانی هەبێت، ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت لە سەقامگیری و پاراستنی ناوچەکە."
Your Comment