کوردپرێس:
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕەشەمەی۱۳۹۷ بەرانبەر بە 20ی شوباتی 2019بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە بە بەشداریی کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی مەدەنی و لایەنگرانی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە هۆڵی ئیدارەی ڕۆشنبیریی شاری مەریوان سیمینارێکی بەڕێوە برد.
سیمینارەکە لە ژێر ناوی "زمانی کوردی و جیهانی مودێڕن" بەڕێوە چوو و لەو سیمینارەدا «دوکتۆر بەختیار سەججادی » سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگای کوردستان وتاری پێشکەش کرد.
سەرەتا پێشکەشکاری سمینارەکە، "کاک عەتا وەلەدی" بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی کرد و داوای کرد لە "کاک هادی موحەممەدیان" بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیامی ئەنجومەن، پاشان "کاک ئەمین عەزیزی" وتاری یەکێتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک پێشکەش کرد.
دواتر دوکتۆر "بەختیار سەججادی" بانگھێشت کرا بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەی لەسەر زمانی کوردی و جیھانی مۆدێڕن.
دوای وتارەکەی "دوکتۆر بەختیار سەججادی"، لە پانێلێکی دوو کەسیدا "کاک ئارام ساڵحی" لەسەر زمانی کوردی چەن پرسیارێکی ئاراستەی "دوکتۆر بەختیار سەججادی" کرد.
چەن بەڕێزێکیش لە بەشداربووان ئاماژەیان بە چەن خاڵ و بابەتێکی ئەو پانێلە کرد و چەن پرسیارێک ھاتە ئاراوە.
Your Comment