کوردپرێس:
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستۆتە سەر ڕێژەی نەوتی فرۆشراوی ئێران لە مانگی یەکەمی ساڵی 2019 و ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی ئەمریکا گەمارۆی ئابووریی بە سەر ئێراندا سەپاندووە بەڵام ئێران توانیویەتی لە مانگی کانوونی دووهەمدا یەک ملوێن و 100 بۆ یەک ملوێن و 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوت بفرۆشێت.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی شوباتی 2019دا زیاتریش بووە لە ڕێژەی نەوتی فرۆشراوی مانگی کانوونی دووهەم لە بەر ئەوەی مامناوەندی نەوتی فرۆشراوی دە ڕۆژی یەکەمی مانگی شوبات ئەو هەڵکشانە دەسەلمێنێت.
شیاوی ئاماژەیە پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی واشەنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 5 کۆ یەکی دەرکرد گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران گەڕێندرایەوە و چەند هێندەش زیادی کرد. هەر بەو پێیەش هەموو وڵاتانی جیهان قەدەغەیان لێکرا کە نەوتی ئێران بکڕن بەڵام بەبۆنەی تێکنەچوونی باڵانسی جیهانیی نرخی نەوت 8 وڵات لێخۆشبوونیان بەرکەوت و دەتوانن تا مانگی ئایاری 2019 بەردەوام بن لە کڕینی نەوتی ئێران ئەوەش بە شێوەیێکی سنووردار و دیاریکراو. گرینگترین وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کە کە بەر لێبوردنەکەی ئەمریکا کەوتوون بریتین لە چین و تورکیا و کۆریای باشوور و هیندستان و ژاپۆن و یۆنان.
Your Comment