ڕابرت پالادینۆ: ئه‌مریکا هیچ به‌رنامه‌یێکی بۆ دابه‌ش‌کردنی سووریا نییه‌

به‌شی جیهان- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا لێدوانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بۆ دابه‌ش‌کردنی سووریا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا له‌باره‌ی سووریای به‌ شێوه‌یێکی خراپ ڕاگه‌یاندوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 19ی شوباتی 2019 سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئه‌مریکای به‌وه‌ تۆمه‌تبار کرد که‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ دابه‌ش‌کردنی سووریا و دامه‌زراندنی نیمچه‌ده‌وڵه‌تێک بۆ کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات چڕ کردۆته‌وه‌.

به‌ڵام ڕابرت پالادینۆ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا شه‌وی ڕابردوو (سێشه‌ممه‌ 19ی شوباتی 2019) به‌ هه‌واڵنێرانی گوت: وڵاته‌که‌ی هیچ به‌رنامه‌یێکی بۆ دابه‌ش‌کردنی سووریا نییه‌ و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا له‌باره‌ی سووریای به‌ شێوه‌یێکی نادروست ڕاگه‌یاندوووه‌.

وته‌بێژه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ سه‌روه‌ری و یه‌کپارچه‌ییی قه‌ڵه‌مڕه‌وی سووریا ده‌کات. ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سووریا له‌ ڕێگای سیاسییه‌وه‌ ده‌کات و ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی که‌ له‌و پێناوه‌دا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ ژێنێڤ له‌ئارادایه‌. ئه‌مریکا له‌وباره‌وه‌ به‌ شێوه‌ی ڕاشکاوانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی ڕاگه‌یاندوووه‌ و شتێکی دیکه‌ی بۆ ڕاگه‌یاندن نییه‌.

پالادینۆ گوتیشی: هه‌رگیز ئه‌مریکا به‌نیازی دابه‌ش‌کردنی سووریا نییه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا گوتی: کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا پلانێکه‌ که‌ دۆناڵد تره‌مپ ڕای‌گه‌یاندوووه‌ و ئه‌مریکا سه‌رقاڵی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریایه‌ به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ مانای گۆڕینی ڕاسپێردراوی نییه‌ به‌ڵکوو به‌ واتای گۆڕینی تاکتیک له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدایه‌. ئه‌مریکا هێزه‌کانی به‌ شێوه‌ی به‌رنامه‌داڕێژراو له‌ سووریا ده‌باته‌ده‌ره‌وه‌.

پالادینۆ له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی تورکیا له‌باره‌ی کوردی سووریا و کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کان گوتیشی: ئێمه‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا به‌ ڕه‌وا ده‌زانین و ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرین و به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا کار ده‌که‌ین.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا جه‌ختی کرده‌وه‌: دوو خاڵ سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا هه‌یه‌ که‌ بریتین له‌ کشانه‌وه‌ی پارێزراوی ئه‌و هێزانه‌ و پاراستنی سه‌قامگیریی باکووری سووریا.

ناوبراو ڕوونکردنه‌وه‌یێکی له‌سه‌ر داوای سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ دروست‌کردنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا یان ڕه‌وانه‌‌کردنی چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ باکووری سووریا نه‌دا چوونکه‌ به‌ وته‌ی ناوبراو له‌ ئێستادا ئه‌و بابه‌ته‌ لێک ده‌درێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52034

Your Comment

You are replying to: .
captcha