کوردپرێس- سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە بارەی مەسەلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بە کوردپرێسی وت: لە هەرێمی کوردستان بۆ چاپ و بڵاو کردنەوە هیچ فیلتەرێک نییە. تەنها لە مەسەلەی چاودێریدا چەند خاڵی گرینگ دەپارێزین. یەکەمیان ئەوەیە کە هیچ کتێب یان بڵاو کراوەیێک لای ئێمە تێناپەڕێت ئەگەر دژ بێت بە ئاسایشی نەتەوەیی. خاڵی دووهەم ئەوەیە سووکایەتی و تەوهین بە ئایین و نەتەوە و ئایینزاکان نەکرێت.
ڕۆژی دووی گوڵان وەکوو ساڵڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردی ناسراوە و میدیای دیجیتاڵ و ئەلەکترۆنی لە سەردەمی نوێدا دەوری تایبەت دەبینێت. سالار عوسمان لە بارەی ڕەوتی چالاکیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلەکترۆنی کردنی کتێب و گۆڤار ئاشکرای کرد: لە بواری بە ئەلەکترۆنی کردن و دیجیتاڵ کردنی کتێبدا هەنگاوی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان بۆ کتێبە کوردییەکان نراوە بەشێک لە زانکۆکانی کوردستان گۆڤارەکانیان بە شێوەیێکی ئەلێکترۆنی دەخەنە بەردەستی خەڵک.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان زیادی کرد: لە بواری بە ئەلەکترۆنی کردن لە هەرێمی کوردستان خەونی گەورەش هەیە بەڵام نابێت لە بیری بکەین هەرێمی کوردستان کێشەی گەورەی هەیە. ئەم چەند ساڵەی ئەخیر کێشەی ئابووری، سیاسی و سەربازیی هەیە و ئێمە لە بەردەم شەڕێکی گەورەدا بووین و تا ئێستاش کۆتایی نەهاتوووە. جگە لە شەڕی داعش، ئێمە گرفتێکی قووڵمان لەگەڵ بەغدا هەیە. سێ ساڵ زیاترە کە بودجە و مووچە لە بەغداوە ناگاتە هەرێمی کوردستان. ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە ئەمنیەتی خەڵک، مووچە و پاراستنی خاک. ئەم سێ خاڵە بەتایبەت ئێستە کە بژێوی فەرمانبەران لای ئێمە بۆتە ئەولەویەت. لە حاڵەتی ئاساییدا واتا بەر لە قەیرانی داعش و بەر لە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، هەرێمی کوردستان لە بارەی بە ئەلەکترۆنی کردنی کتێب و گۆڤارەوە هەنگاوی باشی بڕیبوو.
دیمانه: بهشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60103
Your Comment