تورکیا و ڕووسیا له‌سه‌ر ده‌ورییه‌ی هاوبه‌ش له‌ ئیدلب ڕێکده‌که‌ون

به‌شی تورکیا- سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ به‌ ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌ی سۆچی ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: یه‌که‌مین ده‌ستکه‌وتی باشی ئه‌م دانیشتنه‌ی سۆچی، ڕێککه‌وتنی سووریا و تورکیایه‌ له‌سه‌ر ده‌ست پێکردنی ده‌ورییه‌ی هاوبه‌ش له‌ ئیدلب له‌لایه‌ن هێزه‌کانی هه‌ر دوو وڵاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ دوای به‌ڕێوه‌ چوونی کۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیی سۆچی له‌ نێوان سه‌رۆک کۆمارانی تورکیا، ڕووسیا و ئێران، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ ئه‌نجامی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: یه‌که‌مین ده‌ستکه‌وتی باشی ئه‌م دانیشتنه‌ی سۆچی، ڕێککه‌وتنی سووریا و تورکیایه‌ له‌سه‌ر ده‌ست پێکردنی ده‌ورییه‌ی هاوبه‌ش له‌ ئیدلب له‌لایه‌ن هێزه‌کانی هه‌ر دوو وڵاته‌وه‌ و ڕێککه‌وتنه‌که‌ زۆر باشه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌ بابه‌تی مه‌نبه‌ج ده‌کات و ده‌ڵێت: پێویسته‌ ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌کان به‌ تایبه‌تی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ له‌ مه‌نبه‌ج بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. وه‌ک ئه‌و به‌ڵێنه‌ی که ‌پێشتر له‌مباره‌یه‌وه‌ درابوو، پێویسته‌ بکشێنه‌وه‌ بۆ ڕۆژھه‌ڵاتی فوڕات. 85 بۆ 90 له‌سه‌دی دانیشتووانیی مه‌نبه‌ج عه‌ره‌بن. ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌ سه‌رده‌می ئۆباماشدا به‌ ئێمه‌ درا به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا جێبه‌جێ نه‌کرا. ئێستاکه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تیی تره‌مپیش هه‌مدیسان ئه‌و به‌ڵێنه‌ به‌ ئێمه‌ درا به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌کرا. ئێستاکه‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دان.

سه‌رۆک کۆماری تورکیا جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌گه‌ڵ مه‌نبه‌ج، ئیدلبیش گرنگایه‌تییێکی زۆری هه‌یه‌. مومکین بوو تورکیا به‌ره‌وڕووی شه‌پۆلێکی نوێی په‌نابه‌ران ببێته‌وه‌. ئێستاکه‌ 3 ملیۆن و 600 هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له‌ تورکیادان و له‌م ماوه‌یه‌دا 310 هه‌زار په‌نابه‌ر بۆ وڵاتی خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕانه‌وانه‌ به‌س نییه‌.

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ به‌ لێدوانی ڕۆژی ڕابردووی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ده‌دات له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ 24 کاتژمێری داهاتوودا لێدوانێکی گرینگ له‌باره‌ی سووریاوه‌ ده‌دات و ڕای‌گه‌یاند: هه‌روا که‌ ده‌زانن تره‌مپ داوای پاره‌ی کردوووه‌. ئه‌و داوایه‌ ده‌بێ له‌ کۆنگرێسدا په‌سه‌ند بکرێت و تاوه‌کوو ئێستا په‌سه‌ند نه‌کراوه‌. تره‌مپ له‌م ڕێگایه‌ له‌ هه‌ندێک شێوازی جۆراوجۆر که‌ڵک وه‌رده‌گرێت به‌ڵام ئه‌ندامانی دیموکرات هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئاراسته‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ دادگای باڵا چڕ ده‌که‌نه‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ هێشتاکه‌ تره‌مپ باس له‌ ڕاماڵینی داعش له‌ 24 کاتژمێری داهاتوودا ده‌کات. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وه‌ بابه‌ته‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت یان نا بابه‌تێکی دیکه‌یه‌. مه‌گه‌ر چه‌ندین چه‌کداری داعش له‌و شوێنه‌ ماونه‌ته‌وه‌؟ ته‌نها پاشماوه‌کانی داعشن. من بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ تره‌مپ به‌م جۆره‌ لێدوانانه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی دیموکراته‌کان چڕ ده‌کاته‌وه‌. لێدوانه‌کانی تره‌مپ ده‌توانێت ڕاگه‌یاندنی سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر داعش بێت.

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51919

Your Comment

You are replying to: .
captcha