ئەندامی توێژینگەی ستراتێژیکی سووریا «وەلید چۆڵی» لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دواهەمین کاتەکانی بوونی داعش لە خۆرهەڵاتی فورات و وتی: لە بەیاننامەیێکدا کە هاوپەیمانان لەبارەی شکست هێنانی داعش لە خۆرهەڵاتی فورات بڵاویان کردەوە، ڕاگەیێندراوە کە پاش لەناوچوونی هێزی سەربازیی داعش، قۆناخێکی نوێ لە سووریا و لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەستپێدەکات، قۆناخی دووهەم پڕ کردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی فوراتە.
ناوبراو درێژەی دا: بابەتی دیکە، بابەتی یارمەتی دانی داعشە لە لایەن ژمارەیێک لە وڵاتانەوە لەوان تورکیا. گرووپی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوایان کردووە کرۆیدۆرێکیان بۆ بکرێتەوە تا بتوانن بچنە تورکیا. ژمارەیێک لە ئەمیرانی داعش کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیر کراون دانیان بە یارمەتیدانی تورکیا ناوە بۆ ئەو گرووپە. لە ڕاستیدا چوونی داعش بۆ تورکیا دەبێتە هۆی خۆڕێکخستنەوە و بەهێز بوونی دووبارە ئەم گرووپە تیرۆریستییە.
ناوبراو زیادی کرد هاوپەیمانان ڕایدەگەیێنن کە داعش پاش شکستی سەربازی کۆتایی پێنایێت و ناچارین لە سووریا بمێنینەوە بۆ شەڕی ئەو گرووپە. هەر بەو چەشنەی کە لە مەنبج و شدادی و ڕەقە دا شانە نووستووکانی داعش چالاکییان هەیە لە دەیرەزوور-یش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شانەنووستووکانیان لە ئارادایە.
ئەم سیاسەتوانە سووریە ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕ لەگەڵ هێزی هزریی داعشدا لە سووریا واجیبە و داعش بۆ چورا ساڵ لە سووریا و عێراق بوونی سەربازی و ئایدیۆلۆجیایی بووە و بیرۆکەی خۆی لەم ناوچەدا بڵاو کردۆتەوە.
وەلید چۆڵی ئاشکرای دەکات: داعش نەوەیێکی لەگەڵ خۆی پەروەردە کردووە کە لەباری هزری و باوەڕییەوە وەکوو بکوژەکان ڕەفتار دەکەن و لەم ناوچەدا تاوانی گەورەیان قۆماندووە.
ئەندامی توێژینگەی ستراتێژیکی سووریا دەڵێت ڕاهێنانی ئازاد کراوانی دەستی داعش زۆر پێویستە و دەبێت ئەم نەوەیە لەسەر بنەمای دیموکراسیەت پەروەردە بکرێن و ئەمەش ئەرکێکی گرانە لەسەر شانی خۆبەڕێوەبەرایەتیی باکوور و خۆرئاوای سووریا.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لە لایێکی دیکەشەوە بنەماڵەکانی داعش کە تەسلیمی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بوونە پێویستیان بە ڕاهێنان و ڕاوێژکاریی پزیشکییە. خەڵکێک کە لەدەستی داعش دەرئەهێندرێن پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەروونناسانەیە و کاتێکی زۆریان پێویستە تاکوو ئازارە دەروونییەکانیان کە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا چێشتوویانە لەبیر بەنەوە.
سیاسەتوانی کوردی سووریا هەروەها ئاماژە دەکات بە لایەنی سیاسیی قەیرانی سووریا و دەڵێت: بابەتی هەرە گرینکی شەڕی 8 ساڵەی سووریا، دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی لە وڵات و پرسی ڕۆژئاوا و باکووری وڵاتە. تورکیا و گرووپە توندئاژۆکان مەترسییێکی گەورەن لەسەر باکووری خۆرئاوای سووریا و هەروەها عەفرین و ئیدلیب و ترابلوس.
ناوبراو درێژەی دا: ڕێگای چارەسەر کردنی کێشەی سووریا هەم لە ناوخۆیە هەم لە دەرەوە. موناقیشەکە بەم زووانە کۆتایی پێنایێت چوونکە لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا، ئەمریکا و ئێران، ئەمریکا و تورکیا، ڕووسیا و تورکیا ناکۆکی هەیە.
وەلید چۆڵی وەبیری هێنایەوە کە لەبارەی یاسای بنەڕەتیی نوێی سووریاشەوە هەندێک کێشە هەن و بڕیار وایە کە ڕەشنووسی ئەم یاسایە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن ژمارەیێک لە ڕەوتەکانەوە بڵاو بکرێتەوە. بێ گومان ئەم یاسایە لەلایەن هەموو خەڵک و ڕەوتەکانی سووریاوە قبووڵکراو نابێت بەتایبەت ئیرادەی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەم ڕەشنووسەدا لەبەرچاو نەگیردراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment