کوردپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەمە 10ی شوباتی 2019 بەرانبەر بە 21ی ڕێبەندانی ساڵی 1397 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان و لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند: سەردانەکەم هاوکاتە لەگەڵ پێکهاتنی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتیی سەعد حەریری و جێگای خۆیەتی بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە دەوڵەت و گەلی لوبنان بکەم.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: گەل و حکوومەتی لوبنان نموونەی بەرخۆدان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: لە سەردانەکەیدا لە سەر کۆمەڵێک تەوەری گرینگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان گفتوگۆ دەکات.
زەریف بڕیارە سبەینێ دووشەمە لەگەڵ میشل عەون سەرکۆماری لوبنان و نەبیە بەری سەرۆکی پەرلەمان و سەعد حەریری سەرۆکوەزیران و جەبران باسیل وەزیری دەرەوەی لوبنان کۆ ببێتەوە.
سەردانەکە وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ لوبنان هاوکاتە لەگەڵ پێکهاتنی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان کە پێش دوو حەفتە بە سەرۆکایەتیی سەعد حەریری تەواو کرا ئەوەش پاش 9 مانگ چاوەڕوانی و ڕاگۆڕینەوە.
Your Comment