ڕێپێوانێکی گه‌وره‌ له‌ 15 شاری کوردنشینی تورکیا به‌ره‌و ئامه‌د ڕێکده‌خرێت

به‌شی تورکیا- بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 15ی شوباتی 2019دا له‌ 100هه‌مین ڕۆژی مانگرتنی له‌یلا گۆڤه‌ندا ڕێپێوانێكی گه‌وره‌ له‌ 15 شاری کوردنشینی تورکیا به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ره‌و شاری ئامه‌د ڕێک بخرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌ دوای به‌ڕێوه‌چوونی میتینگه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ، ئامه‌د و مێرسین به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ له‌یلا گوڤه‌ن په‌رله‌مانتاری تورکیا که‌ له‌ 95 ڕۆژ پێشه‌وه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان مانی له‌ خواردن گرتوووه‌، ئه‌م جاره‌ به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌و سیاسه‌توانه‌ کورده‌ی تورکیا له‌ 15 شاری کوردنشینی ئه‌و وڵاته ڕێپێوانێکی گه‌وره‌ به‌ره‌و ئامه‌د ڕێک ده‌خرێت و بڕیاره‌ ڕێپێوانان ڕۆژی 15ی شوبات واتا 100هه‌مین ڕۆژی مانگرتنی له‌یلا گوڤه‌ن ئه‌و ڕێپێوانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌و شارانه‌ی به‌شداری له‌م ڕێپێوانه‌دا ده‌كه‌ن بریتین له‌ وان، جۆله‌مێرگ، قێرس، ئیغدیر، به‌دلیس، ئاگری، مووش، شڕناخ، مێردین، سێرت، باتمان، دێرسیم، بینگول، دیلۆک و شانلی ئۆرفا و له‌ ڕۆژانی داهاتوودا له‌ 7 لقی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌چنه‌ شاری ئامه‌د و 15ی شوباتی 2019 و له‌ کاتژمێر 12:00 به‌ کاتی ناوچه‌ییی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ به‌رده‌م ماڵی گوڤه‌ن له‌ گه‌ڕه‌کی باغچیلاری ئامه‌د به‌یاننامه‌یێک ده‌خوێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ینی یاشام

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51782

Your Comment

You are replying to: .
captcha