پارێزەرێكی سەربەخۆی كورد خۆی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ كاندید كرد

بەشی تورکیا- ئەمڕۆ هەینی جەلال بایكارا پارێزەری كوردی دانیشتووی شاری ئیستەنبۆڵی توركیا رایگەیاند بە هۆی ئەوەی هیچ كوردێک بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبۆڵ كاندید نەكراوە خۆی وەک كاندیدی سەربەخۆ تۆمار كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بایكارا لەبارەی خۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، كە بڕیارە رۆژی 31ی ئاداری داهاتوو بەڕێوە بچێت، بە باسنیوز-ی راگەیاند لەبەر نەبوونی هیچ كاندیدێكی كورد، خۆی كاندید دەكات، لە كاتێكدا پێنج ملیۆن كورد لەو شارە دەژین.

پارتی دیموكراتی گەلان HDP كە بە بەهێزترین پارتی كوردستانی دادەندرێت لە تورکیا، پێشتر رایگەیاندبوو كە هیچ كاندیدێكی بۆ شارەكانی ئیستەنبۆڵ، ئیزمیر، عەنتاب و ئورفاش نابێت، بەم هۆیەوە بایكارا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبۆڵ كاندید كرد و نیگەرانی خۆیشی لەم هەڵوێستەی HDP راگەیاند.

بایكارا دووپاتی كردەوە كە ئەو پێشتر پەیوەندی بە حزبەكانی HAK-PAR و PAK و PSK كردووە لەبارەی پشتیوانی كردنی بۆ خۆ كاندیدكردنەكەی، بەڵام ئەو پارتانە مەرجی ناشایستەیان بۆ داناوە، بەم هۆیەوە بڕیاری داوە وەک كاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكە بكات.

ناوبراو گوتیشی "ژمارەیێكی زۆری كورد لە ئیستەنبۆڵ نیشتەجێن، نزیكەی 5 ملیۆن كەس دەبن، كەچی تەنانەت HDPش لەو شارەیە كشاوەتەوە، ئێمە زۆر گەڕاین بە دوای دۆزینەوەی كاندیدێكی كورد، بەڵام كەسمان نەدۆزیەوە، بەم هۆیەوە ناچار بووم خۆم كاندید بكەم".

ئەم كاندیدە سەربەخۆیە ئاماژەی بە هەبوونی مەترسییێكی گەورە لەسەر بوونی كورد لە ئیستەنبۆڵ و توركیا بە گشتی كرد، ئەویش بەوەی ئێستە لە توركیا هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی كورد بكرێتە قوربانیی هەوڵەكانی چەپڕەوە و ڕاستڕەوەكان لەسەر ئاراستەی كاری بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورک بەسەركردایەتی MHP، بۆیە بڕیاری داوە خۆی كاندید بكات و رایبگەیەنێ كە پرسی نەتەوەیی كوردیش لە ئارادایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51754

Your Comment

You are replying to: .
captcha