کوردپرێس:
20 نووسەر و ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ لە ئوسترالیا نامەیێکیان بۆ حکوومەت نووسیوە و داوایان لە حکوومەتی ئوسترالیا کردووە دەعمی لەیلا گۆڤەن نوێنەری کوردی پەرلەمانی تورکیا بکات کە 92 ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە قەدەغەی چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئوجەلانەوە مانی لە خواردن گرتووە.
لە نامەکەی ئەو 20 کەسایەتییەدا داوا لە کۆمەڵگەی دەولیش کراوە پشتگیریی مانگرتنەکەی لەیلا گۆڤەن و هەڵگرتنی قەدەغەی بینینی عەبدوڵا ئوجەلان بکەن و نووسیویانە: مانگرتنەکەی لەیلا گۆڤەن 90 ڕۆژی تێپەڕاند و زۆر زیندانیی دیکەش مانیان لە خواردن گرتووە. قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئوجەلان کە لە زیندانی ئیمرالی بەند کراوە نیشانەیێکی ڕوونە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پەیڕەوی دەولی.
زۆر ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەنجومەنی ئەورووپا و پەرلەمانی بەریتانیا داوای گفتوگۆکردنی نێوان کورد و تورکیایان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک. بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئاوڕ لە داواکارییەکان ناداتەوە. تا ئەو کاتەش قەدەغەی چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئوجەلان هەڵنەگیرێت لە تورکیا دەرەچەیێکی ڕاستەقینە بۆ چارەکردنی ئاشتییانەی کێشەکان نایەتە دی.
Your Comment