ده‌بێ بۆ سه‌قامگیریی سووریا ڕێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌کییه‌کان بکرێت

به‌شی سووریا- وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ دوایین قۆناغه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و کۆتایی هاتن به‌ تیرۆر له‌ سووریاین و ده‌ڵێت: بۆ سووریایێکی سه‌قامگیر ده‌بێ ڕێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ ده‌ره‌کییه‌کان بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مجه‌د عوسمان وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌ لێدوانێکدا باس له‌ کۆتاقۆناغه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: شه‌ڕی کۆتایی هێنان به‌ تیرۆر که‌ دوایین قۆناغی ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لوولی جزیره‌یه‌ له‌ دواڕۆژه‌کانی خۆیدایه‌. ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌ هه‌شته‌مین ساڵی قه‌یرانی سووریادا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ تاکوو ئێستا ئه‌نجامی داوه‌ نه‌یتوانیوه‌ ڕێچارێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی سووریا بدۆزێته‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: سوپای سووریای دیموکرات له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ته‌نها هێزێک بوو که‌ به‌ره‌نگاری تیرۆریستانی داعش بوووه‌ته‌وه‌. ئه‌و سوپایه‌ سه‌رکه‌وتنگه‌لێکی زۆر پڕبایه‌خی له‌ ناوچه‌که‌ و تێکرای سووریا وه‌ده‌ست هێناوه‌. یه‌کده‌نگی و هه‌ماهه‌نگیی کورد، عه‌ره‌ب، ئاشووری، سریانی و تورکمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا سوپای سووریای دیموکراتیکی دروست کرد و به‌ بۆنه‌ی ئه‌م یه‌کده‌نگییه‌وه‌ سه‌رکه‌وتن هاتۆته‌دی و ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ یه‌کده‌نگیی نیشتیمانیی سووریا له‌ ئاینده‌ و ئاراسته‌کردنی ڕێگه‌چاره‌یێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌نگاوێکی زۆر گه‌وره‌ ده‌بێت.

عوسمان له‌ لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: هێشتاکه‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی سووریا وه‌ک سه‌رده‌می پێش له‌ قه‌یران و سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کاندایه‌. بابه‌تی سه‌ره‌کی بابه‌تی دیموکراتیزه‌ نه‌بوون و نه‌ناسینی ئه‌و ئیتنیکانه‌یه‌ که‌ سووریا پێکده‌هێنن. بۆ سووریایێکی سه‌قامگیر و پاوه‌جێ ده‌بێ ڕێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ بیانییه‌کان بکرێت و ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دووباره‌ی تیرۆر بگیردرێته‌به‌ر. ڕێگه‌چاره‌ی سیاسیی قه‌یرانی سووریا هه‌ر به‌ داڕشتنی ده‌ستوورێکی نوێ مومکین ده‌بێت که‌ تێکڕای لایه‌نه‌ سوورییه‌کان تێیدا به‌شدار بن. به‌ بۆنه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بابه‌تی سووریا بۆته‌ بابه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی به‌م بۆنه‌وه‌ دانووستانی نێوان لایه‌نه‌ سوورییه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌کانیان ده‌بێ به‌ چاودێری و نێوبژیڤانی لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بدرێت.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51721

Your Comment

You are replying to: .
captcha