وەزیری نەوتی ئێران: عێراق پێبەند بووە بە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا دژبە ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بێژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێکدا وتوویەتی هیچ وڵاتێک بە دەم ئێمەوە نایەت و ئێمەش ئەو چاوەڕوانییەمان لە هیچ وڵاتێک نییە بەڵام عێراق ڕێگای ئاسانی زۆری لە بەردەستدایە کە یارمەتیی ئێران بدات و هەموو ئەو دەرەچانەشم پێشنیاز کردووە بەڵام لایەنی عێراقی قبووڵی نەکرد.

کوردپرێس:

بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە یەک لەو بابەتانە پێوەندیی بە عێراق و عیلاقاتی ئابووریی ئێران و عێراق بوو.

وەزیری نەوتی ئێران لەبارەی نامەکەی 72 ئەندام پەرلەمان کە ڕەخنەیان لە کارنامەکەی وەزیری نەوت گرتبوو ڕایگەیاند: چۆن ئیدعای ئەوەیان کردووە کە عێراق پێشنیازی فراوانکردنی چەند کێڵگەیێکی خستۆتە بەردەستمان؟ ئێمە هیچ نامە یان داواکارییێکمان لەو بارەیەوە لەلایەن عێراقەوە پێنەگەشتووە.

زەنگەنە جەختیشی کردەوە: بەپێچەوانەوە ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کردووە و عێراقییەکان پاشەکشەیان کرد.

ناوبراو گوتیشی عێراقییەکان پێشتر 11 ملوێن نەوتی کەرکووکیان لە ڕێگای ئێرانەوە "سوئاپ" دەکرد بەڵام پاش سزاکانی ئەمریکا ئەوەش بڕا.

وەزیری نەوت زیادیشی کرد: مانگانە لە ئێرانەوە زیاتر لە 200 ملوێن دۆلار گاز بۆ عێراق هەناردە دەکرێت و پارەکەشی نادەن. عێراق هەروەها دوو ملیار دۆلاری دیکەش پارەی گاز و کارەبا بە ئێران قەرزدارە.

زەنگەنە گوتیشی: هیچ وڵاتێک بە دەم ئێمەوە نایەت و ئێمەش ئەو چاوەڕوانییەمان لە هیچ وڵاتێک نییە بەڵام عێراق ڕێگای ئاسانی زۆری لە بەردەستدایە کە یارمەتیی ئێران بدات و هەموو ئەو دەرەچانەشم پێشنیاز کردووە بەڵام لایەنی عێراقی قبووڵی نەکرد.

News Code 51673

Your Comment

You are replying to: .
captcha