کوردپرێس:
بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە یەک لەو بابەتانە پێوەندیی بە عێراق و عیلاقاتی ئابووریی ئێران و عێراق بوو.
وەزیری نەوتی ئێران لەبارەی نامەکەی 72 ئەندام پەرلەمان کە ڕەخنەیان لە کارنامەکەی وەزیری نەوت گرتبوو ڕایگەیاند: چۆن ئیدعای ئەوەیان کردووە کە عێراق پێشنیازی فراوانکردنی چەند کێڵگەیێکی خستۆتە بەردەستمان؟ ئێمە هیچ نامە یان داواکارییێکمان لەو بارەیەوە لەلایەن عێراقەوە پێنەگەشتووە.
زەنگەنە جەختیشی کردەوە: بەپێچەوانەوە ئێمە پێشنیازی ئەوەمان کردووە و عێراقییەکان پاشەکشەیان کرد.
ناوبراو گوتیشی عێراقییەکان پێشتر 11 ملوێن نەوتی کەرکووکیان لە ڕێگای ئێرانەوە "سوئاپ" دەکرد بەڵام پاش سزاکانی ئەمریکا ئەوەش بڕا.
وەزیری نەوت زیادیشی کرد: مانگانە لە ئێرانەوە زیاتر لە 200 ملوێن دۆلار گاز بۆ عێراق هەناردە دەکرێت و پارەکەشی نادەن. عێراق هەروەها دوو ملیار دۆلاری دیکەش پارەی گاز و کارەبا بە ئێران قەرزدارە.
زەنگەنە گوتیشی: هیچ وڵاتێک بە دەم ئێمەوە نایەت و ئێمەش ئەو چاوەڕوانییەمان لە هیچ وڵاتێک نییە بەڵام عێراق ڕێگای ئاسانی زۆری لە بەردەستدایە کە یارمەتیی ئێران بدات و هەموو ئەو دەرەچانەشم پێشنیاز کردووە بەڵام لایەنی عێراقی قبووڵی نەکرد.
Your Comment