کوردپرێس: به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 5/2/2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له سیریل نان، باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له عێراق و باربارا وۆڵف كۆنسولی ئه‌ڵمانیا له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارەكەدا شاندی میوان به‌رده‌وامیی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌یان له شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان بێ جیاوازی به‌رز نرخاند.
باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، له كاتی سه‌ردانی مه‌یدانیی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕى دژى داعش ئه‌م ڕاستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه و باسى له كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یێكی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه له هه‌ولێر كرد كه له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یانه‌وه دروست كراوه و راده‌ستی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه كراوه.
لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانى سوپاسی سه‌ردانه‌كه و هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له كاته سه‌خته‌كاندا كرد، هه‌روه‌ها ستایشى ئه‌ڵمانیای كرد بۆ ئه‌و دیارییه به‌نرخه‌ی پێشكه‌ش به هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردووه كه له ئاست قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ماهه‌نگیی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ردوولا له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی لێده‌كرێت تاوتوێ كرا.
له‌مباره‌یه‌وه بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا كه چه‌ندین كۆبوونه‌وه له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجام دراون و میكانزمێكی گونجاو دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه و سوپاسی عێراقدا هه‌بێت.
تاوتوێ كردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و گفتوگۆ سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment