یه‌کێتی جه‌خت له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ئه‌نجام دانی هه‌ڵبژاردن له‌ که‌رکووک ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان هۆشداری ده‌دات له‌ ئه‌نجام نه‌دانی‌ هه‌ڵبژاردن له که‌رکووک و په‌رله‌مانتارێكی‌ ئه‌و حزبه‌ش له ‌به‌غدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "له ‌ساڵی 2005وه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌و شاره‌ نه‌كراوه‌، ئیتر به ‌چ یاسا و ڕێسایێک جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ر ده‌كرێته‌وه. ئه‌وه‌ لای‌ یه‌كێتیی جێگه‌ی‌ قبووڵ نییه ‌و نابێت هیچ پیلانێک دژی كه‌ركووک بگێڕدرێت".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له ‌ئێستادا پارتی دیموكراتی‌ كوردستان به ‌دووری ده‌زانێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له ‌شاری‌ كه‌ركووک ئه‌نجام بدرێت به‌هۆی‌ "ڕه‌وشی‌ ئێستای‌ كه‌ركووک و ئاسایی نه‌كردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ی" به‌ڵام ئه‌ڵماس فازیڵ ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "له ‌لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجام دانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ که‌رکووک هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق تاوتوێ كراوه ‌و له ‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركووكیش ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌یه‌".

ناوبراو وتیشی‌: "وه‌كوو یه‌كێتی نامانه‌وێت كه‌ركووک به‌ هیچ شێوه‌یێک له ‌بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بێبه‌ری بكرێت و ڕێگه‌ش به‌ هیچ پلانێک ناده‌ین دژی كه‌ركووک بگێڕدرێت، پێویسته‌ خزمه‌ت كردنی هاووڵاتییانی شاری كه‌ركووک له‌سه‌روو هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیێكه‌وه ‌بێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كێتی ڕوونیشی كرده‌وه‌: "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک له ‌ساڵی 2005وه‌ هه‌ڵبژاردنی بۆ نه‌كراوه‌، ئیتر به‌ چ یاسا و ڕێسایێک جارێكی دیكه‌ له ‌هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ر ده‌كرێته‌وه‌، له ‌كاتێكدا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌نجومه‌نێكی شه‌له‌ل و په‌كکه‌وته‌یه‌ بۆیه‌ وه‌كوو یه‌كێتی ڕێگه‌ به‌وه ‌ناده‌ین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51504

Your Comment

You are replying to: .
captcha