کوردپرێس: ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 23ی به‌فرانبار/ 13ی جانیڤێری محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران به یاوه‌ریی شاندێکی سیاسی و ئابووری گه‌یشته به‌غدا و پاش ئه‌نجامدانی چه‌ندین دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته دوو ڕۆژ دواتر و ڕۆژی سێشه‌ممه گه‌یشته هه‌ولێر و دواتر سه‌ردانی سلێمانی کرد. زه‌ریف پاش دیدار له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیران به ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگره‌که‌ی له کۆڕبه‌ندی ئابووریی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له هه‌ولێر و دواتر سلێمانی به‌شداری کرد. دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی پارتی و یه‌کێتی و ئاماده‌بوون له‌سه‌ر مه‌زاری جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پێشکه‌شکردنی تاجهگولێنه له‌سه‌ر مه‌زاره‌که‌ی به‌رنامه‌کانی دیکه‌ی سه‌فه‌ری زه‌ریف بۆ هه‌رێمی کوردستان بوو.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران له لێدوان و دیداره فه‌رمییه‌کانی له هه‌رێمی کوردستان وێڕای جه‌ختکردنه سه‌ر گرنگیی پێگه و سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئێران، وڵاته‌که‌ی به دۆستێکی متمانهکراوی کورد له ناوچه‌که وه‌سف کرد و ته‌نها یه‌ک هه‌فته پاش سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێر و هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکا بۆ تێکدانی پێوه‌ندییه‌کانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئێران جه‌ختی کرده‌وه که هیچ که‌سێک ناتوانێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و هه‌رێمى کوردستان بپچڕێنێت.
هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به مه‌به‌ستی شرۆڤه و لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و سه‌فه‌ره گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ مورته‌زا عه‌بادی سه‌رکونسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌ولێر ئه‌نجام داوه که له خواره‌وه دێت.
کوردپرێس: هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه له ده‌ستکه‌وته‌کانی سه‌فه‌ری محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ عێراق به‌تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان چییه؟
مورته‌زا عه‌بادی: سه‌فه‌ری دوکتۆر زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به یاوه‌ریی لیژنه‌یێکی باڵای سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتی دۆست واتا عێراق پیشانده‌ری هه‌بوونی ئیراده‌یێکی سیاسیی به‌هێزه بۆ په‌ره‌پێدانی هاوکارییه دووقووڵییهکان. هه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێگا، لێکدانه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌که و گۆڕانکارییه‌کانی ئێستا و میکانیزمی په‌ره‌پێدانی هاوکارییه هه‌رێمی و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌کان له ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌م سه‌فه‌ره ده‌بێت. هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یێکی گرینگی عێراقه که له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپی توندڕه‌وی داعشدا و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه ڕۆڵێکی کارا و سازێنه‌ری بوووه له ده‌نگدانی گه‌ل بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق.
هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یێک له خاکی عێراق دێته ئه‌ژمار که له مێژه‌وه په‌یوه‌ندییێکی کارا له نێوانیاندا بوووه و به‌رپرسانی باڵای کورد له خوله جۆراوجۆره‌کاندا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق گفتوگۆیان کردوووه هه‌ر بۆیه سه‌فه‌ری محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف بۆ هه‌رێمی کوردستان به جۆرێک وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی گرنگیدانی ئێران به هه‌رێمی کوردستان بوو بۆ پێداچوونه‌وه به دوایین هه‌ڵوێست و ڕوانگه له‌گه‌ڵ دۆستان.
کوردپرێس: سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ هه‌رێمی کوردستان و پێشوازیی به‌ربڵاوی به‌رپرسان له ناوبراو له قۆناغی ئێستا و له ماوه‌یێکی که‌م پاش سه‌فه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ هه‌ولێر و زیادبوونی گوشاره‌کان بۆ سه‌ر لایه‌نی عێراقی به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا دژ به ئێران هه‌ڵگری چ په‌یامێکه؟
مورته‌زا عه‌بادی: په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق به‌تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان قووڵتر و پته‌وتر له‌وه‌یه که له‌ژێر کارتێکه‌ریی سیاسه‌ته یه‌کلایه‌نه و کاتییه‌کانی وڵاتانی دیکه‌دا بێت. هاوبه‌شییه‌کان، پێشینه‌ی مێژوویی و په‌یوه‌ندیی قووڵی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و قووڵبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ئابووری و بازرگانی و هه‌روه‌ها کارتێکه‌ریی ڕووداوه‌کان له‌سه‌ر یه‌کتر، به‌ستێنی جووڵه‌ی نه‌رێنی دژ به هاوکارییه دووقۆڵییه‌کان له‌لایه‌ن وڵاتانی سێهه‌مه‌وه به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه هه‌ر بۆیه پێشوازیی به‌رچاوی بازرگان و چالاکوانانی ئابووری و به‌ڕێوه‌به‌ران و هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونی زه‌ریف و نێچیرڤان بارزانی و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و دیکه‌ی به‌رپرسانی باڵا له کۆبوونه‌وه‌ی هاوبیریی ئابووری و لێکدانه‌وه‌ی ڕێکاره‌کانی گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان پیشانده‌ری ناکارامه‌ییی سیاسه‌تی به‌رته‌سککه‌ره‌وه‌ی دیتران له ناوچه‌که‌یه.
کوردپرێس: هه‌روا که ئاماژه‌تان پێدا دوو کۆڕبه‌ندی ئابووری به ئاماده‌بوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سه‌رۆک وه‌زیران و جێگره‌که‌ی و چالاکوانانی کوردستانی و عێراقی له هه‌ولێر و سلێمانی به‌ڕێوه چوو، ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و کۆڕبه‌نده چ بوو و چ کاریگه‌رییێکی له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو وڵات هه‌یه؟
مورته‌زا عه‌بادی: به‌ڕێوه‌چوونی دوو کۆڕبه‌ندی ئابووریی جیاواز له هه‌ولێر و سلێمانی ده‌رفه‌تێکی زێڕینه بۆ پێداچوونه‌وه به ڕێککه‌وتنه پێشوووهکان و لێکدانه‌وه‌ی ئاسته‌نگ و ڕێکاره‌کانی په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕی ئابووری و له‌و کۆڕبه‌نده ئاوڕ له هه‌ندێک بابه‌ت درایه‌وه له‌وانه ئاسته‌نگ و دۆخی ئێستای زاڵ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کان و پێویستی زیادکردنه‌وه‌ی ئاسانکاری به چالاکوانانی ئابووری و گومانه گریمانه‌کراوه‌کان له په‌یوه‌ندیی نێوان چالاکوانانی ئابووری و هه‌روه‌ها نیگه‌رانییه‌کان سه‌باره‌ت به دۆخی داراییی هه‌رێمی کوردستانی چاره‌سه‌ر کرا. له‌لایه‌ن چالاکوانانی که‌رتی تایبه‌ته‌وه ئاسته‌نگ و کێشه‌ی بازرگانی له‌وان هێواشبوونی ئه‌نجامدانی کاروباری یاسایی له گومرگ و ده‌روازه سنوورییه‌کان به ئاماده‌بوونی به‌رپرسان لێکدرایه‌وه که ئه‌و بابه‌ته ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری پێشکه‌شکردنی خزمهتگوزارییێکی باشتر به تایبه‌ت له ڕێڕه‌وه‌کان بێت و ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی به‌رز بکاته‌وه.
کوردپرێس: ئێستاکه چه‌ندین کۆمپانیا و کارگه و هێزی مرۆییی ئێرانی له هه‌رێمی کوردستان چالاکن. چ ڕێوشوێنێک بۆ ئاماده‌بوونی زیاتری ئێران له بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردستان گیراوه‌ته‌به‌ر؟
مورته‌زا عه‌بادی: له ڕابردوودا فیتنه‌ی داعش کارتێکه‌ریی به‌رچاوی له‌سه‌ر به‌شێک له تواناکانی عێراق به تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان دانابوو و له‌لایێکه‌وه، ناکۆکیی داراییی هه‌ولێر و به‌غدا کاریگه‌رییێکی زۆری له‌سه‌ر ده‌فرایه‌تییه‌کانی ئابووریی هه‌رێم دانا به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا نزیک به 500 کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دانه‌ری هاوبه‌ش و کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری بچووک و گه‌وره هاوشانی دژوارییه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێم مانه‌وه که نێچیرڤان بارزانی له کۆبوونه‌وه‌ی ئابووریی هه‌ولێر ئه‌و بابه‌ته‌ی وه‌بیر هێنایه‌وه و ده‌ستخۆشی له‌و کۆمپانیایانه کرد. هه‌رێمی کوردستان به له‌به‌رچاوگرتنی شکستهێنانی داعش و چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه دارایییه‌کانی له‌گه‌ڵ به‌غدا له وه‌ستانی به‌رنامه و پڕۆژه ئابوورییه‌کان ده‌رباز بوو و ئێستاکه خه‌ریکی ئاسایی کردنه‌وه‌ی چالاکییه ئابوورییه‌کانه هه‌ر بۆیه ده‌رفه‌ته‌کان له‌وان به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفڕانس و به‌شداریی چالاکانه‌ی ئابووری له پیشانگاکانی نانۆتهکنهلۆجیا و ئێکسپۆ له تاران و ناساندنی پڕۆژه و به‌دواداچوونی داواکاریی کۆمپانیاکان ڕێوشوێنه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی له‌پێناو به‌شداریی هاووڵاتییانی ئێران له‌و بازاڕه‌دایه که به‌رپرسانی هه‌رێم به جیده‌وه پشتیوانی له‌و بابه‌ته ده‌که‌ن.
کوردپرێس: ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان له‌پێناو سه‌فه‌ری زه‌ریف بۆ هه‌رێم چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مورته‌زا عه‌بادی: هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق پێگه‌یێکی گرینگی بوووه و ورده ورده، ئاستێکی به‌رچاوی له گه‌شه‌ی هاوکاری له بواره جۆراوجۆره‌کانی سیاسی، ئه‌منی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی، زانستی و فێرکاری ئه‌زموون کردوووه هه‌ر بۆیه سه‌فه‌ری محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف بزوێنه‌رێکی به‌هێز ده‌بێت بۆ گه‌شه‌ی هاوکارییه‌کان.
کوردپرێس: به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسیان له په‌ره‌پێدانی ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌کان له‌گه‌ڵ عێراق تا ئاستی 20 ملیارد دۆلار کردوووه و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له کۆڕبه‌ندی ئابووریدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کردۆته‌وه، ئایا ئه‌و بابه‌ته ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت؟
مورته‌زا عه‌بادی: دیاریکردنی بڕی 20 میلیارد دۆلار بۆ ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌کان بابه‌تێکی ڕاستبینانهیه و شیاوی جێبه‌جێ کردنه. به‌رهه‌مهێنانی شتومه‌کی جۆراوجۆر له ئێران‌دا هه‌یه که پێداویستیی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی عێراقه و به‌شێک له‌و به‌رهه‌مهێنانه تایبه‌ت به ئێمه‌یه که به کوالێتی گونجاو و نرخێکی باشه‌وه ڕاده‌ستی به‌کارهێنه‌ر ده‌کرێت. له‌لایێکی دیکه‌وه عێراق ده‌توانێت ببێته به‌شێک له ڕێبازی هاورده‌ی بیانیی وڵاته‌که‌مان.
من پێموایه به‌شێکی به‌رچاو له 20 ملیار دۆلاره‌که ته‌نها به چاکسازی له پڕۆسه‌ی ئێستا له ده‌روازه سنوورییه‌کانمان له‌وان شه‌وانه‌ڕۆژی کردنی بازاڕچه‌کانی پیله‌وه‌ری (بازاڕچه‌کانی هه‌نارده) ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ دواکه‌وتن و کاژێری ئیداریی زۆربه‌ی بازاڕچه‌کان به‌شێک له کێشه‌ی بازرگانانی عێراقی له‌وان هه‌رێمی کوردستانه که جگه له زیادکردنه‌وه‌ی تێچووی کاڵا، گۆڕینی ڕوانگهشی به‌دواوه ده‌بێت. ده‌بێ دڵنیا بین له‌وه‌ی که بازرگانانی هه‌رێمی کوردستان له ئه‌گه‌ری دڵنیابوون له وه‌ده‌ستهێنانی کاڵا به شێوه‌یێکی ئاسان و که‌متێچوو و ده‌ستبه‌جێ و له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی کاڵای به کوالێتی باش و نرخی هاوشێوه له دیکه‌ی وڵاتانی دراوسێ به دڵنیاییه‌وه سه‌ندنی به‌رهه‌مه‌کانی ئێرانیان پێ خۆشه. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر به له‌به‌رچاوگرتنی تێکڕای کێشه‌کان بۆ ئازادکردنی کاڵا له سنوور ئه‌وه‌ش به چالاکیی ئیداری ئه‌گه‌ری هه‌نارده‌کردنی نزیک به 8 ملیارد دۆلار له ماوه‌ی ده مانگ بۆ عێراق له‌ئارادایه، به زیادکردنه‌وه‌ی کاژێری کاریی ده‌روازه سنوورییه‌کان و سڕینه‌وه‌ی پڕۆسه‌کان ئه‌گه‌ری زیادکردنه‌وه‌ی به‌رچاوی ئاڵوگۆڕه‌کانیش مومکین ده‌بێت.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment