هه‌ڵه‌بجه‌ داوای هاوکاریی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تی ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئیداره‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ یادداشتێک ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات و داوا ده‌كات به‌ زووترین كات ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و ڕێكخراوه‌ حوكمی و ناحكومییه‌كان و مرۆڤدۆستانی دونیا ده‌ستی هاوكاری و خێرخوازی بۆ هه‌ڵه‌بجه و قوربانیانی كیمیاباران و كه‌سوكاریان درێژ بكه‌ن و برینی 30 ساڵه‌یان ساڕێژ بكه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ی کانوونی دووهه‌می 2019 ئازاد تۆفێق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حکوومی و حیزبی له‌و شاره‌ له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا له‌باره‌ی کێشه‌ و گرفت و داخوازییه‌کانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ یاداشتێکی ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد.

له‌و یاداشته‌دا که‌ به ‌ناوى ئیداره‌ى پارێزگاکه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کراوه‌، هاتوووه‌؛ هیوادارین له ‌ڕێگه‌ى حکوومه‌ت و ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆستانه‌کانتانه‌وه‌ ده‌ستى هاوکارى درێژ بکه‌ن و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ى سیماى شارستانى و پێکه‌وه‌ژیان بکه‌نه‌ ده‌ستپێکى ساڵى نوێ و هاوکاریی مادى و مه‌عنه‌وى هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ن و پاڵپشتیى شاره‌که‌ بن.

هه‌روه‌ک داوا کراوه‌ له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بواره‌کانى په‌رورده‌ و ته‌ندروستى و ڕۆشنبیرى و سه‌رجه‌م ڕوووه‌کانه‌وه‌ ئاوڕى جددى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌نه‌وه‌ و "ئازادن له‌وه‌ى به‌ هه‌ر ناوێک و له‌ هه‌ر ناونیشانێکدا کاره‌کانتان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ن".

پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که‌ له ‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر هێڵ بوون بۆ ئه‌وه‌ى به‌پێى پابه‌ندبوونى خۆیان هاوکارى پارێزگاکه‌ بکه‌ن و وتیشى: "چاوه‌ڕێین حکوومه‌تى عێراق به‌ ته‌واوى پێکبهێنرێت ئه‌وکات وه‌فدێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ردانى به‌غدا ده‌کات و داواى هاوکارى و پاڵپشتى له‌ حکوومه‌تى ناوه‌ند ده‌کات به‌پێى ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ى هه‌یه‌تى به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌".

پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ به‌شێکی دیکه‌ی یادداشته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش کراوه‌: "تا ئێمه‌ی خه‌ڵکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌گشتی و هه‌موو خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌تایبه‌تی دڵخۆش بین به‌ هاوکاری و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنتان و هاوکات ئێوه‌ش چ وه‌ک ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن پێگه‌ و چ وه‌ک ڕێکخراوه‌ حکوومی و ناحکوومییه‌کان هاوشانی ده‌وڵه‌تانی وه‌ک کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا و وڵاتی یابان، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانی ئه‌مریکا، یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا و کۆریای باشوور له‌ ڕێی ڕێکخراوه‌ خزمه‌تگوزار و مرۆڤدۆسته‌کانتانه‌وه‌ جێده‌ستان له‌ ساڕێژبوونی برینی ڕۆڵه‌کانی ئه‌م شاره‌دا دیار بێت چوونکه‌ بێده‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 1988.3.16 تا ساڵی 1992 سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ گوناهێکی گه‌وره‌ بوو و ئۆباڵه‌که‌شی به‌ پله‌ی یه‌که‌م له‌ ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵگه‌ی نیوده‌وڵه‌تییه‌، هاوکات غه‌درێکی گه‌وره‌ش بوو که‌ له‌ گه‌لی کورد به‌گشتی و خه‌ڵکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌تی کرا".

له‌ به‌شێکی یادداشته‌که‌دا هاتوووه‌: "داواکارین ئه‌مڕۆ به‌ هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانتان له‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، سێکته‌ره‌کانی کشتوکاڵ، گه‌شتوگوزار و هتد... هاوکات زه‌مینه‌سازی بۆ گه‌شه‌کردنی هزری دیموکراسی که‌ خۆی له‌ په‌روه‌رده‌کردنی بواره‌کانی مه‌عریفی و کولتووریدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ ئه‌رکێکی زۆر پێویست و هه‌نووکه‌یی ده‌زانین و هیوادارین به‌ ڕاکێشانی ده‌ستی خێر و پڕ ئاوه‌دانیتان قه‌ره‌بووی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی دوێنێتان بکه‌نه‌وه‌ و ئاوڕێکی جیدی له‌ خه‌ڵکی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌نه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51133

Your Comment

You are replying to: .
captcha