هێشتا ڕه‌هه‌نده‌کانی ناوچه‌ی ئه‌منی باکووری سووریا ناڕوونه‌

به‌شی سووریا- ڕۆژنامه‌وانی کوردی سووریا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هێشتا ڕه‌هه‌نده‌کانی ناوچه‌ی ئه‌منی باکووری سووریا ناڕوونه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئێستاکه‌ کورد حه‌ز ده‌کات له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا دانووستان بکات و له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد و بابه‌تی سوپای کوردی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕێکبکه‌وێت.

شیار ئازاد ڕۆژنامه‌وانی کوردی دانیشتووی قامیشڵۆ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ئاماژه‌ به‌ ئیدعای ئه‌مریکییه‌کان ده‌کات سه‌باره‌ت به‌ دروست‌کردنی ناوچه‌ی ئه‌من له‌ باکووری سووریا و ده‌ڵێت: تره‌مپ له‌ توویتێکدا ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ به‌ مه‌ودای 20 بۆ 30 کیلۆمه‌تری له‌ سنووری تورکیا ناوچه‌ی ئه‌من دروست ده‌کات و ئه‌وه‌ش 90 له‌سه‌دی خاکی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌.

ناوبراو گوتیشی: ئه‌و ناوچه‌ ئه‌منه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌ی ئه‌مریکا هه‌ندێک شار وه‌ک دیرک، ڕه‌میلان، ترپسیه‌، عاموودا، قامیشڵۆ، دربسیه‌، سرێکانی، گرێ سپی، کۆبانێ، مه‌نبه‌ج و عه‌ین عیسا له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ و جگه‌ له‌ شاری حه‌سه‌که‌ زۆربه‌ی خاکی کوردستانی سووریا له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌مریکا ئه‌و بابه‌ته‌ی پێشنیاز کردوووه‌ و تورکیاش پشتیوانی لێی کردوووه‌ و ڕوونی ده‌کاته‌وه‌: ئێستاکه‌ هه‌ست به‌ مه‌ترسییێک ده‌کرێت و که‌س نازانێت چ هێزێک ئه‌و بابه‌ته‌ جێبه‌جێ ده‌کات و چ هێزێک له‌وێ ده‌بێت و چاره‌نووسی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل چۆن ده‌بێت.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: تاکوو ئێستا یه‌په‌گه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی باکووری سووریاش ئه‌وه‌نده‌ ئاگاداری ئه‌م بابه‌ته‌ نیین و ته‌نانه‌ت دیاریش نییه‌ که‌ ئه‌و ناوچه‌ ئه‌منه‌ چ کاتێک دروست و جێبه‌جێ ده‌کریت.

شیار ئازاد ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات که‌ کورد به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ بۆ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مریکی ده‌ڕوانێت و گوتیشی: کوردی سووریا سه‌ریان له‌ سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا سوڕماوه‌. ڕۆژێک ئه‌مریکییه‌کان ڕای‌ده‌گه‌یێنن که‌ له‌ سووریا ده‌کشێنه‌وه‌، ڕۆژێک ده‌ڵێین که‌ ڕێگه‌ به‌ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر سووریا ناده‌ن و ئه‌مڕۆش بابه‌تی ناوچه‌ی ئه‌من ئاراسته‌ ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ کورد ده‌بێ ئاگادار بێت که‌ گیرۆده‌ی سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ نه‌بێت.

ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ له‌ کۆتاییدا ڕاشی‌گه‌یاند: ئێستاکه‌ کورد حه‌ز ده‌کات دانووستان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی سووریا بکات و له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد و بابه‌تی سوپای کوردی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕێکبکه‌وێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 51123

Your Comment

You are replying to: .
captcha