سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە هەولێر کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ژان ئیڤ لودریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی یاوەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێکهاتبوون لە باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، كونسولى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یێک له‌ دیپلۆماتكاری فەڕەنسی.

پاش گەیشتنیان بۆ شاری هەولێر شاندە باڵا فەڕەنسییەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە کە لەمیانەدا هەریەک قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یێک له‌ وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی کۆبوونەوەکە بوون و تیایدا دۆخى سیاسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا و تیشک خرایه‌ سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا لودریان وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر، پشتگیریى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى پێشكه‌وتن و داهاتوویێكى باشترى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق خواست.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى به‌رده‌وامیی فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا یارمه‌تى دا، هه‌روه‌ها ڕۆڵى ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نساى به‌رز نرخاند كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتگیرى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و ده‌رگا دیپلۆماسییه‌كانى به‌ ڕووى هه‌رێمدا كرده‌وه‌ و هه‌ولێر و به‌غداى هاندا بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ڕا و سه‌رنجیان ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق، بارودۆخى ناوچه‌كه‌، وڵاتانى دراوسێ، شه‌ڕى دژى تیرۆر و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ گۆڕییه‌وه.

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51080

Your Comment

You are replying to: .
captcha