عارف قوربانی: هه‌وڵ هه‌یه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی که‌رکووک ڕاده‌ستی توركیا بكرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عارف قوربانی ده‌ڵێت: "هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منیی که‌رکووک ڕاده‌ستی توركیا بكرێت له ‌ڕێگه‌ی توركمانی که‌رکووکه‌وه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عارف قوربانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت: "ئێستا پارتی و یه‌كێتی بۆ شكاندنی یه‌كتری بۆ ئه‌وه‌ی كامیان گره‌وه‌كان ببه‌رێته‌وه‌، ئاماده‌ی هه‌موو سازش كردنێكن بۆ چه‌ند وڵاتێک له‌سه‌ر پرسی که‌رکووک، ئێستا هه‌ندێک هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منیی که‌رکووک له‌ ڕێگه‌ی توركمانی که‌رکووکه‌وه‌ ڕاده‌ستی توركیا بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسییێكه‌ له‌ داهاتوودا جارێكی دیكه‌ ڕووبه‌ڕووی که‌رکووک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بشكێنی كه‌ پارتییه‌ یان یه‌كێتییه‌".

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: "یه‌كێتی و پارتی ده‌كرا له‌سه‌ر زۆر شت ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر که‌رکووک هه‌لومه‌رجیش له‌بار بوو، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆشیان بوو، که‌رکووک به‌شی ئه‌وه‌ی تێدا بوو هه‌ردوولا لێی سوودمه‌ند بن و که‌رکووکیش له‌ژێر ئه‌و زه‌بر و فشارانه‌ی ئێستا ڕزگار بكه‌ن".

عارف قوربانی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی كورد له‌ حكوومه‌تی عێراق و ئه‌وه‌ی ده‌وترێت عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیران دۆستی كورده‌ ئاشكرای كرد: "ڕاسته‌ كورد به‌شداره‌ له ‌حكوومه‌تی عێراقدا و عادل عه‌بدولمه‌هدی یه‌كێكه‌ له‌ دۆسته‌كانی كورد به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر که‌رکووک ده‌دات و ڕووبه‌ڕوی ته‌عریبی ده‌كاته‌وه‌ نه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌ نه‌ حكوومه‌تی ئێستایه‌، ئه‌وان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان به‌ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ شنگاله‌وه‌ تاوه‌كوو جه‌له‌ولا و مه‌نده‌لی هه‌ن، ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ شوێنی دیكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێن و له‌ ئێستادا كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دارایییان ده‌ستكه‌وتوووه‌ له‌و ناوچانه‌ پێویستیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ بۆ به‌غدا و گوێ ناده‌نه‌ هیچ ڕێنمایی و بڕیارێک."

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "ده‌بێت كورد بیر له‌ ڕێگه‌ی دیكه‌ بكاته‌وه‌ چوونكه‌ نه‌ک عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ڵكوو سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی عێراق دۆستی كورد بن، مه‌ترسیی ستراتێجی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی كورد له‌ خه‌ته‌كانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم."

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50808

Your Comment

You are replying to: .
captcha