هۆشیار عه‌بدوڵڵا: پێشمه‌رگه‌ له‌ بودجه‌ی 2019ی عێراقدا هیچ به‌شێکی بۆ ته‌رخان نه‌کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هۆشیار عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری كورد و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: "له‌ ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی 2019دا پێشێلكارییێكی زه‌ق به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ و ده‌رماڵه‌ی تێكرای سێكته‌ره‌كان به ‌ژماره‌ دانراوه‌ و هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی تێدایه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ نه‌بێت".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هۆشیار عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری كورد له‌ لیژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ڕادیۆ نه‌وای ڕاگه‌یاند: ئاشكرایه‌ به ‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق پێشمه‌رگه‌ كه‌ ناوه‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی "پاسه‌وانی هه‌رێم"ه‌ به‌شێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و به‌رگریی ده‌وڵه‌تی عێراق‌ و له ‌هه‌موو پرۆژه‌یاساكانی بودجه‌ له‌ 2015ه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ سیسته‌می به‌رگریی عێراقی ناوی هاتوووه‌، له ‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵیشدا به ‌هه‌مان شێوه‌ یاساكه‌ له‌ مادده‌ی 10 برگه‌ی (ب) پێشمه‌رگه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ سیسته‌می به‌رگریی عێراقی وه‌سف ده‌كات.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌: له‌ خشته‌ی (و)دا كه‌ ده‌رماڵه‌ی تێكرای سێكته‌ره‌كانی به‌ ژماره‌ داناوه‌ هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی داناوه‌ تاكه‌ شوێن كه‌ پاره‌ و شایسته‌كانی دانه‌ناوه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ یه‌كێ بڵێت ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ مادده‌ی 10 برگه‌ی (ب) ده‌رماڵه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ له‌ ده‌رماڵه‌ی هێزه‌كانی وشكانی عێراق، "له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ ته‌نها داڕشتنه‌ چوونكه‌ به‌ گوێره‌ی زانیاریمان به‌و پێیه‌ی پێشتر له‌ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری بووین له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری برگه‌یێک به‌م ناوه‌وه‌ نییه‌".

هۆشیار عه‌بدوڵڵا ڕوونیشی كردوووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌م ڕه‌شنووسه‌دا هیچ كه‌س به‌ ژماره‌ نازانێ پێشمه‌رگه‌ چه‌ندی هه‌یه‌، هه‌موو ده‌زگاكانی‌تر دیاره‌ چه‌ندیان هه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌بێت، ئه‌ندامانی كورد له‌ لیژنه‌ی دارایی ده‌زانن له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمیدا كه‌ له‌ هه‌ردووكیاندا وه‌زیری دارایی تێدا بوو پێش ناردنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان وتم "تكایه‌ پشكی پێشمه‌رگه‌ ئه‌گه‌ر دوو فلسیش بێت بكه‌ن به‌ ڕه‌قه‌م و ژماره‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌كرا و نه‌یانكرد، له‌بری پێشمه‌رگه‌ وه‌زاره‌تی دارایی 466 ملیاری بۆ حه‌شدی شه‌عبی زیاد كرد".

هۆشیار عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌ لیژنه‌ی داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وتیشی: "هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌زانم به‌شێكی هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئه‌و غه‌دره‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ لێره‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات هه‌ر له‌ به‌ حزبی كردنیانه‌وه‌ تا دیارنه‌بوونی ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌یان و ده‌یان ئیشكالی‌تر به‌ڵام له‌ ڕه‌شنووسی بودجه‌شدا ده‌كرا به ڕه‌قه‌م نه‌ک به‌ داڕشتن پشكیان دیاری بكرایه‌، گرنگترین كارێک كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بكرێ ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ست، ناكرێ له ‌سه‌رووی چوار سه‌د هه‌زار كه‌س به ‌ناوی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ مووچه‌ وه‌ربگرێ، ئاخر وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقی كه‌متر له‌ 289 هه‌زار ئه‌ندامی مووچه‌خۆری هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی هه‌رێم چ لۆژیكێک په‌سه‌ندی ده‌كات! وه‌ک ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كێک له ‌ئه‌ركه‌كانمان گۆڕینی ئه‌و برگه‌یه‌یه‌ و دیاری كردنی ژماره‌یێكی ڕوونه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌و مه‌رجه‌ی وه‌زاره‌تی داراییی عێراق هاوكارمان بێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50806

Your Comment

You are replying to: .
captcha