کوردپرێس:
فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە بەSNNی ڕاگەیاند، "زیادکردنی ڕێژەی کورد لە سوپای عێراق بەدەست ئێمە نییە، چوونکە ھۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لەڕیزەکانی سوپا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەفسەر و سەربازانی کورد ئارەزووی چوونە ناو سوپایان نەبووە، کە ئەوە ھۆکاری سەرەکیی کەمبونەوەی ڕێژەکەیە".
ناوبراو ئاماژەی بە ژمارەیێک ھۆکاری دیکەی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لە ناو سوپای عێراق کرد و وتی:"ھەڵسوکەوتی ژمارەیێک فەرماندەی سوپای عێراق بەتایبەت لەھەندێک ناوچە لەگەڵ ئەفسەر و سەربازانی کورد، شەڕی داعش ھۆکار بوون".
جەبار یاوەر ئەوەشی وت:"یەکێکی دیکەش لەھۆکارەکان فیرقەی (٢، ٣، ٤و ١٢) کە لەدەوروپشتی مووسڵ و کەرکووک و سەڵاحەدین بوون لەگەڵ فیرقەی ٥ لە دیالە کە سەرجەمیان ھەڵوەشانەوە، بەشێکی زۆری سەربازەکانیان ھاتنە ناو ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگە".
سەبارەت بەچۆنێتیی زیادکردنی ڕێژەی کوردیش یاوەر ئاشکرای کرد، "لیژنەیێکی باڵا بۆ دانووستان پێکھێندراوە، یەکێک لەخاڵەکانی بەرنامەکەشیان، زیادکردنی ڕێژەی کوردە لە ناو سوپای عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش میکانیزمێک دەدۆزرێتەوە".
Your Comment