ترەمپ چوار مانگ مۆڵەتی بە سوپای وڵاتەکەی داوە تا لە سووریا بکشێتەوە

بەشی جیهان- دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندیی نیشان داوە تا هێزی 2000 کەسیی ئەمریکا لە جێگای ماوەی 30 ڕۆژە، تا چوار مانگی دیکە بە تەواوی لە سووریا بکشێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە ڕۆژی 19ی کانوونی یەکەمی 2018دا بۆ کشانەوەی خێرای هێزی 2000 کەسیی وڵاتەکەی لە سووریا بوو بە هۆی سەرسوڕمانی هەمووان. پاشهاتی ئەو هەواڵە بۆ کوردانی سووریا کە ئەمەریکا خۆی بە هاوپەیمانی ئەوان دەزانی زیاتر بوو، چوونکە تورکیا خۆی ئامادە کردووە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، هێزە کوردەکانی سووریا لە باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دوور بخاتەوە.

بەڵام ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاوە نووسی: ترەمپ بە سوپای وڵاتەکەی مۆڵەتی داوە لە جێگای 30 ڕۆژ لە ماوەی چوار مانگدا هێزە سەربازییەکان لە سووریا بکشێننەوە. پێش لەوەش ژمارەیێک لە بەرپرسان باسیان لە هێواشتر بوونی پڕۆسەی کشاندنەوەی هێزەکان کردبوو.

دوو بەرپرسی ئەمەریکی بەم ڕۆژنامەیانە وتووە، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ عێراق بە جەنراڵ پۆڵ لاکامرا فەرماندەی هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق و سووریا-ی وتووە سوپا چەند مانگ دەرفەتی هەیە تا کشانەوەیێکی ئارام و ئەمن لە سووریا ئەنجام بدات.

ژمارەیێک لە بەرپرسەکانی ئەمەریکا ڕێکەوتێکی ورد و دیاریان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا دیاری نەکردووە و هۆکارەکەشی بۆ پاراستنی گیانی سەربازەکان لە کاتی کشانەوەدا دەگەڕێتەوە. بەرپرسانی سەربازیش دەڵێن بۆ کشانەوەی ئەمن پێویستیان بە چوار مانگ دەرفەت هەیە.

ژمارەیێک لە بەرپرسانیش دەڵێن متمانەیان بە بڕیاری ترەمپ بۆ دوای خستنی کشانەوە نییە، چوونکە بە وتەی ئەوان ترەمپ نیشانی داوە کە کوڕی بڕیارە خێراکانە.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی دووشەممە بە فاکس نیووزی-ی وتووە کە من ئەوەم نەوتووە کە بە پەلەوە سووریا بەجێ دێڵین، جگە لەوە ئێمە لە عێراقیش بۆ شەڕی دژە داعش بنکەی سەربازیمان هەیە.

لیندسی گراهام پەرلەمانتاری ئەمەریکی بۆ ڕاکشانی ڕەزامەندیی ترمپ و لەسەر داوای ژمارەیێک لە بەرپرسە سەربازییەکان لەبارەی دوا خستنی کشانەوەی هێزکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆ بووەتەوە. ناوبراو ڕۆژ ڕابردوو بە نیویۆرک تایمز-ی وت: پاش دیدار لەگەڵ ترەمپ هەم لە لەناوچوونی داعش دڵنیا بووەتەوە هەم لەوە کە کوردەکان دەپارێزرێن لە مەترسییەکان و تورکیاش هێرشیان ناکاتە سەر.

ناوبراو لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا لە دروست بوونی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری کوردی لە باکووری سووریا وتی: بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا پەرژینێک لە نێوان ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان و سنوورەکانی تورکیا دروست دەکرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 50710

Your Comment

You are replying to: .
captcha