سەرمان لە بڕیارەکەی ترەمپ سوڕما/ پێوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا پێوەندییێکی ستراتێژییانەیە

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆی ناوچەی فورات لە دیمانەیێکی کوردپرێسدا وتوویەتی سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا شەفاف نییە و ئامانجی تورکیا لە هێرش کردن بۆ سەر باکووری سووریا ئەوەیە کورد لە ناو بەرێت.

کوردپرێس:

"بۆزان خەلیل" لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا ئاماژە بە ئیرادەی کوردی سووریا کردووە بۆ بەردەوام بوون لە سەر پڕۆژە سیاسییەکەیان لە سووریا و بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: پڕۆژەی گەلی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سەر بینای بەرگریی مەشرووع بونیات نراوە و هێزی ئەو گەلە دیموکراتیکەش لە خەڵکی ناوچەکە کۆ کراوەتەوە و ئامانجەکەشی پێکهێنانی کۆمەڵگایێکی دیموکراتیک و ئاشتیخوازە.

ناوبراو زیادی کرد: ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزانی ناوچەکە و جیهان هۆکاری قەیرانی سووریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشە و لەم نێوانەشدا ئەمریکا و ڕووسیا شەڕی خۆیانیان گەیاندۆتە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆی ناوچەی فورات ئاماژەی بە بڕیارە دژبەیەکەکانی ترەمپ کرد و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەرمان لە بڕیارەکەی ترەمپ سوڕماوە. ئەو بڕیارەی ترەمپ کارەساتە. هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەیانگوت کار بۆ لەناوبردنی داعش دەکەن بەڵام ئەو بڕیارەی ترەمپ هەموانی موعجیب کرد.

بۆزان خەلیل گوتیشی: پێوەندیی کورد لەگەڵ ئەمریکا پێوەندییێکی تاکتیکی و کاتییە و ئامانجی هاوبەشیشمان شکستدانی داعشە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئێمە هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی و چەندین جاریش گوتوومانە ئەمریکا ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سووریا دەکشێتەوە بەڵام ترەمپ ئەو بڕیارەی لە کاتێکدا دەرکردووە کە هێشتاکە داعش ماوە بۆیە ئەوە بڕیارێکی هەڵەیەو تەنانەت لە نێو بەرپرسە ئەمریکییەکانیشدا ناکۆکیی دروست کرد.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆی ناوچەی فورات لە بارەی دیدارەکەی لیندزی گراهامی کۆماریخواز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە کوردپرێسی وت: ترەمپ لەو دیدارەدا وتوویەتی بە هێواشی هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە و ئێستاش پێبەندە بە شکستدانی داعش بە هاوکاریی کوردی سووریاوە. تا ئەم کاتەش هیچ شتێک یەکلا نەبۆتەوە و ناکرێت بە ڕوونی لەبارەی سیاسەتی ئەمریکاوە باس بکەین.

ناوبراو لە کۆتاییدا وەبیریشی هێنایەوە کە ئامانجیان پێکهێنانی گەلێکی دیموکارتیکە و لەگەڵ هەر دەوڵەتێکیش پێوەندییان هەبێت ئەو پڕۆژەیەی پێشکەشیان کردووە بەشێکی حاشاهەڵنەگری کارەکانیان لە سووریا دەبێت.

News Code 50700

Your Comment

You are replying to: .
captcha