شاندی پەرلەمانتارانی هەدەپە سەردانی کەمپی مەخمووریان کرد

بەشی تورکیا- شاندی پەرلەمانتارانی هەدەپە سەردانی کەمپی مەخمووریان کرد و ڕایانگەیاند، کە ڕاستییەکانی بۆردوومانکردنی کامپی مەخموور و شەنگال دەگەیەننە ڕای گشتیی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە دوای سەردانیان بۆ شارۆچکەی شەنگال، سەردانی کامپی پەنابەرانی مەخمووریان کرد لە شارۆچکەی مەخموور و لەلایەن دانیشتووانی کامپەکەوە بەگەرمیی پێشوازییان لێکرا.

هاوکات شاندەکە سەردانی شوێنەواری بۆردوومانەکەی شەوی ١ی شوباتی ٢٠٢٢یان کرد، کە دەوروبەری کامپەکەیان بەچڕیی بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزی پاراستنی جەوهەریی کامپەکە کوژران و ژمارەیەک هاوڵاتیی مەدەنییش برینداربوون.

پاشان شاندەکە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کامپەکە کۆبوونەوە و قسەیان بۆ هاوڵاتیانی کامپەکە کرد.

حەسەن ئۆزگونەش، پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆبوونەوەکەدا قسەی بۆ هاوڵاتیان کرد و وتی: ئێمە وەک هەدەپە بەڵێن دەدەین کە هەتا کۆتایی بەدوای دۆزەکەی ئێوەدا بین، ڕاستە ئێمە لە کوردستانی تورکیا دەژین و دوورین لە ئێوە، بەڵام هەمیشە لە دڵ و دەروونماندا لەگەڵ ئێوەدا دەژین، دەوڵەتی تورکیا بەم هێرشە جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند، کە دوورە لە ئەخلاق و پێوەرەکان.

هاوکات هودا کاسیا، پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی هەدەپەش وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: بەناوی هەدەپەوە لە دڵ و گیانەوە سڵاوتان ئاراستە دەکەم، هێرشەکانی سەر شەنگال و مەخموور دوور نین لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەدەپە، هەمان ئەقڵییەت دەیەوێت لەناومان ببات، ئێمە جارێکی دیکە ماسکی دەوڵەتی تورکیا هەڵدەدەینەوە، ئەو درۆیانەی لەبارەی مەخموور و شەنگالەوە دەکرێن بۆ ڕایگشتیی ڕوون دەکەینەوە.

هەر لە سەردانەکەدا هەریەک لە فەلەکناس ئوجا و موراد چەپنی، پەرلەمانتارانی هەدەپەش وتەیان بۆ خەڵکی مەخموور پێشکەش کرد و پشتیوانیی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ دەربڕین.

فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور بەناوی دانیشتووانی کامپەکەوە قسەی کرد و وتی: زۆر خۆشحاڵین کە پارتەکەمان سەردانیان کردووین و هاوبەشی ئازارەکانمان بوون، ئێمە خاوەن ئیرادە و تێکۆشانین، خەڵکی مەخموور ئیرادەی پۆڵاینیی هەیە، هیچ کات خەڵکی مەخموور ملکەچ نەبووە و ملکەچیش نابێت.

News Code 5053

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha