٢٥ کانونی یەکەم ٢٠١٨ - ١١:٣٤
داعش 3 هاووڵاتیی كوردی له‌ داقوق ڕفاند

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی که‌رکووکی یه‌کێتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر گوندێكی سنووری داقوق و 3 هاووڵاتیی كوردیان ڕفاندوووه‌ و هه‌تا ئێستاش هێزی فیدراڵی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیدریس حاجی عادل جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی كه‌ركووكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUK mediaی ڕاگه‌یاند: سه‌عات 7ی ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 24ی کانوونی یه‌که‌می 2018 تێرۆریستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندی جنگڵاوه‌ كه‌ گوندێكی كوردنشینه‌ له‌ سنووری قه‌زای دا‌قوق.

ناوبراو وتیشی: له‌و هێرشه‌دا تیرۆریستان 3 هاووڵاتیی كوردیان ڕفاندوووه‌ به‌ ناوه‌كانی (سالم سه‌ردار محه‌مه‌د، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌عید، كه‌نعان عه‌زیز قادر) و بێسه‌روشوێن بوون.

ئیدریس حاجی عادل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ‌هه‌تا ئێستا هێزه‌كانی فیدراڵی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چاره‌نووسی هاووڵاتییانی ئه‌و گونده‌ نادیاره‌.

جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 2ی که‌رکووک ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ هه‌تا ئێستا چه‌ندین جار تیرۆریستان هێرشیان كردوووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه و هاووڵاتییان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و هێزه‌كانی فیدراڵیش ئه‌و دۆخه‌یان پێ كۆنترۆڵ ناكرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50524

Your Comment

You are replying to: .
captcha