عه‌بدولمه‌هدی چوار ساڵی سه‌ختی له‌به‌رده‌مدایه‌/ مه‌سعوود بارزانی خۆی به‌ ته‌نها بینییه‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین ئه‌ندامی کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ دیمانه‌یێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا گوتوویه‌تی: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نی ڕکابه‌ری شیعی هه‌ست به‌ شێوه‌یێک له‌ براوه‌یی له‌ ناو حکوومه‌ته‌که‌دا بکه‌ن. که‌س هه‌ست نه‌کات ئیراده‌ی به‌ سه‌ر ئه‌ویتردا زاڵ کردوووه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یێک قورسه‌ به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێکیان ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ دۆڕاندن بکه‌ن ئه‌وا حکوومه‌تێکی سه‌قامگیر به‌خۆوه‌ نابینێت و دۆخی عێراقیش ده‌که‌وێته‌ دۆخێکی ئاڵۆزه‌وه‌ که‌ که‌سمان چاوه‌ڕوانی ناکه‌ین و هاووڵاتییانی عێراق لێی ماندوو بوون.

کوردپرێس: ڕاسپاردنی که‌سایه‌تییێکی وه‌کوو عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق هاوکات بوو له‌گه‌ڵ پێنانه‌ نێو قه‌یرانێکی مه‌ترسیدار که‌ له‌ ململانێی نێوخۆوه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت بۆیه‌ هیواکان بۆ ده‌ست پێکردنی قۆناغی سه‌قامگیری، ئاسایشی سیاسیی زیاد ده‌کرد. پێشینه‌ و که‌سایه‌تیی سیاسیی عه‌بدولمه‌هدی و سه‌رووحزبی بوونی ناوبراو و ڕوانینی سه‌رووتایفی و پێوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌ره‌ سیاسییه‌کان و به‌ تایبه‌ت کورد و ئه‌هلی سوننه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تێکنۆکرات بوونی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ وای کرد عه‌بدولمه‌هدی پێگه‌ی سه‌رکردایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پێ ببه‌خشرێت له‌ قۆناغی نوێی عێراقدا. پێکهێنانی حکوومه‌ت و پێدانی متمانه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ کابینه‌ی پێشنیازکراوی عه‌بدولمه‌هدی ده‌یسه‌لمێنێت که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ ئه‌رکێکی دژواری له‌ به‌رده‌مدایه‌. به‌رده‌وام بوونی ململانێکان بۆ ته‌واو کردنی کابینه‌ له‌ ئه‌نجامدا گه‌یشته‌ دانیشتنه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 18ی کانوونی یه‌که‌م که‌ له‌و دانیشتنه‌دا 8 وه‌زاره‌تی حکوومه‌ته‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی که‌ به‌ به‌تاڵی مابوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر درا و له‌ ئه‌نجامدا سێ وه‌زاره‌تی پلاندانان و خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌نگی متمانه‌یان به‌ده‌ست هێنا به‌ڵام پێنج وه‌زاره‌تی دیکه‌ به‌ به‌تاڵی مانه‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌ماندا ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ش یه‌کلا بکرێنه‌وه‌ که‌ بریتین له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تی داد.

هاوکات له‌گه‌ڵ ته‌واو کردنی کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی ئاینده‌ی پێوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێت. ئه‌زموونی پڕ هه‌وراز و نشێو له‌ پێوه‌ندی و عیلاقاتی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ 2003وه‌ تا ئێستا له‌ هه‌ندێک قۆناغدا وڵاتی عێراقی تا ئاستی دابڕان و جیابوونه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووی سه‌ربازی په‌لکێش کردوووه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گرینگایه‌تیی زیاتر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌ گفتوگۆیێکی تێر و ته‌سه‌ل له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین نوێنه‌ری په‌رله‌مانی عێراق له‌ پشکی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و بابه‌تانه‌ی تاوتوێ کردوووه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق بۆچی تا ئێستا یه‌کلا نه‌بوووه‌ته‌وه‌ و عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و 8 وه‌زاره‌ته‌ پڕ بکاته‌وه‌؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: ئه‌و بابه‌ته‌ سێ هۆکاری هه‌یه‌؛ هۆکارێکیان په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی خۆی خاوه‌نی هیچ کوتله‌یێک نییه‌ و پیاوێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و خاوه‌ن کوتله‌یێکی به‌قوه‌ت نییه‌ له‌ نێو په‌رله‌ماندا که‌ ڕاسته‌وخۆ کار بۆ خۆی بکات به‌و شێوه‌ی له‌ ڕابردوودا هه‌بوووه‌. هۆکاری دووهه‌م په‌یوه‌ندیی به‌ دابه‌ش بوونی شیعه‌ له‌ ناو خۆیاندا هه‌یه‌ که‌ هێزی گه‌وره‌ی پێکهێنه‌ری حکوومه‌تن له‌ عێراقدا. دوو لایه‌نی شیعی ڕێگرن له‌وه‌ی که‌ حکوومه‌ت به‌و شێوازه‌ بڕوات که‌ لایه‌نێکیان ده‌یه‌وێت و لایه‌نێکی دیکه‌ نایهه‌وێت. هۆکاری سێهه‌م په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ دۆخی عێراق گۆڕانکاریی به‌ سه‌ردا هاتوووه‌ له‌وه‌ی که‌ بلۆکه‌ کوردی و سوننه‌ و شیعه‌کان تێکه‌ڵ بوون و به‌ شێوازی پته‌وی پێشووتر نه‌ماونه‌ته‌وه‌ واتا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ که‌ کورد هه‌مووی به‌یه‌که‌وه‌ بێت و شیعه‌ به‌یه‌که‌وه‌ و سوننه‌ش به‌یه‌که‌وه‌ واتا ئاراسته‌یێکی تازه‌ی عێراق ده‌ستی پێکردوووه‌ له‌ که‌رت کردنی ناوخۆ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌م قۆناغه‌دا قورس بێت به‌ڵام له‌ ئاینده‌دا سوودێکی زۆری هه‌بێت بۆ کۆتایی هێنان به‌ بلۆکه‌ تایفی و مه‌زهه‌بییه‌کان له‌ عێراق.

کوردپرێس: پێشبینیی به‌ڕێزتان بۆ داهاتوو چییه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ته‌واو کردنی کابینه‌که‌ی به‌ڕێز عه‌بدولمه‌هدی وه‌کوو متمانه‌سه‌ندن له‌ په‌رله‌مانی عێراق؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: چاوه‌ڕوان ناکه‌م ئه‌م کابینه‌یه‌ تا ساڵی ئاینده‌ یه‌کلا نه‌بووبێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ پۆسته‌ ئه‌منییه‌کان پێش ساڵی ئاینده‌ یه‌کلایی ده‌کرێنه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ هه‌مووی یه‌کلایی نابێته‌وه‌. چاوه‌ڕوانییه‌کان ته‌نها پێکهێنانی حکوومه‌ته‌که‌ نییه‌ چاوه‌ڕوانییه‌که‌ له‌ ئه‌دای حکوومه‌ته‌که‌یه‌ ئه‌وه‌ی که‌ چ جۆره‌ حکوومه‌تێک ده‌بێت بۆیه‌ ئه‌و چه‌ند وه‌زاره‌ته‌ی که‌ ماوه‌ به‌و مانایه‌ ده‌بێت که‌ ئایا ئه‌گه‌ر به‌ زۆر سه‌پاندن بوو واتا به‌ زۆر سه‌پاندنی وه‌زاره‌تێک له‌سه‌ر لایه‌نێکی‌تر بوو چاوه‌ڕوان ناکرێت حکوومه‌تێکی سه‌رکه‌وتوو بێت به‌ڵکوو ڕه‌نگه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕووخان و جارێکی‌تر دروست کردنه‌وه‌ ببێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان بتوانن ته‌وافوقی ڕێکبکه‌ون له‌سه‌ر دانانی هه‌ندێک وه‌زاره‌تی میهه‌نی به‌ بێ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌ست به‌ دۆڕان بکات بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت عێراق ڕووبه‌ڕووی گۆڕانکارییێکی ئابووری و ئه‌منی ببێته‌وه‌ که‌ به‌شێکی زۆر له‌ کێشه‌کانی تێپه‌ڕێنێت.

کوردپرێس: که‌وایه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گه‌شبینییانه‌ی هه‌یه‌ ئه‌م حکوومه‌ته‌ به‌ نه‌بوونی کوتله‌ بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌و گرفتانه‌ی به‌ڕێزتان لێکتان دایه‌وه‌، پێشبینی ناکه‌ن چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی سه‌قامگیری و ئارامی و چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کان بێت؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نی ڕکابه‌ری شیعی هه‌ست به‌ شێوه‌یێک له‌ براوه‌یی له‌ ناو حکوومه‌ته‌که‌دا بکه‌ن. که‌س هه‌ست نه‌کات ئیراده‌ی به‌ سه‌ر ئه‌ویتردا زاڵ کردوووه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یێک قورسه‌ به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێکیان ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ دۆڕاندن بکه‌ن ئه‌وا حکوومه‌تێکی سه‌قامگیر به‌خۆوه‌ نابینێت و دۆخی عێراقیش ده‌که‌وێته‌ دۆخێکی ئاڵۆزه‌وه‌ که‌ که‌سمان چاوه‌ڕوانی ناکه‌ین و هاووڵاتییانی عێراق لێی ماندوو بوون. ئه‌وه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه‌ ڕێککه‌وتن ڕێککه‌وتنێکی 50 به‌ 50 به‌ شێوازێک که‌ هه‌ر دوو لایه‌ن ڕازی و قانع بن به‌وه‌ی که‌ حکوومه‌ت حکوومه‌تی هه‌ردوولایانه‌ ئه‌توانین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بکه‌ین شه‌قامی عێراقی جارێکی‌تر بورووژێت و پڕۆژه‌کانی عێراق ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵدێر ببنه‌وه‌ و مه‌ترسیی پێکدادانی به‌شێک له‌ چه‌کدارانی ناوخۆی عێراق هه‌یه‌ واتا ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین له‌ عێراقدا ڕوو بدات ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری ده‌کاته‌ سه‌ر پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکوومه‌ت و ڕوانگه‌ی هه‌ر دوو لایه‌نی بینا و ئیسڵاح.

کوردپرێس: له‌م نێوه‌دا ململانێی نێوخۆی کورد به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتی له‌ به‌غدا له‌سه‌ر پۆسته‌کان و به‌ تایبه‌ت پۆسته‌ وه‌زارییه‌کان چۆن ده‌بینن؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: ململانێی یه‌کێتی و پارتی ململانێیێکی لاوه‌کی و تا ڕاده‌یێک شه‌خسییه‌. مه‌سعوود بارزانی که‌ به‌ شێوه‌یێکی شه‌خسی نه‌قدی له‌ یه‌کێتی یان هه‌ندێک سه‌رۆکی یه‌کێتی گرتوووه‌ وه‌کوو ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆک کۆماردا گرتی. به‌ گشتی ململانێی کوردی- کوردی له‌ عێراقدا زۆر ته‌ئسیرێکی ئه‌وتۆی نییه‌ به‌ڵکوو ڕه‌نگه‌ ئیجابیش بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌هۆی تێکشکاندنی بلۆکی قه‌ومیی کوردی و ده‌بێته‌ تێکه‌ڵ بوونی به‌شێک له‌ به‌ره‌ی کوردی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ هاوپه‌یمانیی بینا و به‌شێکیش له‌ هاوپه‌یمانیی ئیسڵاح من ئه‌وه‌ش به‌ ئیجابی ده‌زانم بۆیه‌ ململانێی یه‌کێتی و پارتی مه‌سه‌له‌یێکی ڕه‌ئیسی نییه‌ به‌ڵکوو له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی ئاڵۆزه‌که‌ی نێوان بینا و ئیسڵاحدا ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش ببێته‌هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی کێشه‌که‌ به‌ڵام به‌ گشتی بابه‌تێکی سه‌ره‌کی نییه‌.

کوردپرێس: ئاسۆی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌م حکوومه‌ته‌دا چۆن ده‌بینن؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: ئه‌م کابینه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی خودی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ویستێکی هه‌یه‌ که‌ هیچ کێشه‌یێک نه‌مێنێت به‌ تایبه‌تی ئه‌و کێشانه‌ی ده‌بێته‌ هۆی وه‌ستاندنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێم و عێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق حالیه‌ن مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌م کێشانه‌ کۆتایی پێبهێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وایه‌ ئامانجێکی گه‌وره‌تر هه‌یه‌ له‌ پێکه‌وه‌ کارکردن و له‌و مه‌وزووعه‌دا هه‌ردوولا که‌ڵک وه‌رده‌گرن. هه‌رێمی کوردستانیش هه‌رێمی دوای ڕیفراندۆمه‌ بۆیه‌ به‌شێکی کێشه‌کان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات ئه‌گه‌ر ئه‌م کابینه‌یه‌ بتوانێت له‌ عێراق سه‌رکه‌وتوو بێت هه‌ست ده‌که‌م کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش له‌گه‌ڵ عێراق تا ڕاده‌یێک به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌رکردنی به‌هێزه‌ ئه‌گه‌رچی ئێستاش هه‌ندێکیان چاره‌ کراون وه‌کوو کێشه‌ی سنووره‌کان و ناوچه‌ی نه‌وت و ئه‌و بابه‌تانه‌. عادل عه‌بدولمه‌هدی مه‌به‌ستیه‌تی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قازانجی هه‌ردوولای تێدایه‌.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ هه‌رێمی کوردستانی دوای ڕیفراندۆم کرد. لێکدانه‌وه‌تان له‌ سه‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی مه‌سعوود بارزانی بۆ به‌غدا و گۆڕینی وتاری له‌ به‌رانبه‌ر حکوومه‌تی عێراق و به‌ تایبه‌ت هاوپێوه‌ند به‌ سه‌ربه‌خۆیییه‌وه‌ چییه‌؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: بارزانی هه‌ست ده‌کات که‌ وه‌کوو خۆی و حزبه‌که‌یشی ئه‌و وتاره‌ی بۆ ڕیفراندۆم ده‌ستیان دایه‌ وتارێکی ناکامڵ بوو بۆیه‌ شکستی هێنا ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی له‌ په‌راوێز خستنی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌بوو به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش هه‌بوو چوونکه‌ پارتی یه‌کێکه‌ له‌ هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆیه‌ خودی بارزانییش هه‌ستی به‌ ته‌نیایی کرد له‌ سیاسه‌ت کردن له‌ عێراقدا و به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆک کۆمار به‌ بێ پرسی ئه‌و دانرا ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا پێشتر حکوومه‌ته‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ ناوی کورده‌وه‌ قسه‌یان ده‌کرد به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ ناوی پارتییه‌وه‌ قسه‌ی کرد بۆیه‌ سه‌ردانه‌که‌ش تا ڕاده‌یێک بۆ ئه‌وه‌ بوو که‌ پێگه‌ی پارتی بگێڕێته‌وه‌ بۆ خۆی و پارتی وه‌کوو هێزێک له‌ عێراقدا خاوه‌نی 25 کورسییه‌. هه‌روه‌ها هه‌وڵێک بوو بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی کوڕه‌که‌شی که‌ بۆ سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم کاندید کراوه‌. بارزانی مه‌به‌ستی بوووه‌ کارئاسانی بۆ مه‌سروور بارزانی له‌ نێو لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بکات بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی لای پارتییه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی کوڕه‌که‌ی بارزانی کابینه‌یێکی سه‌ربه‌خۆتری هه‌بێت. به‌ گشتی سه‌ردانه‌که‌ سه‌ردانێکی شه‌خسی بوو و زیاتر له‌وه‌ش هیچ نییه‌.

کوردپرێس: داهاتووی ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 (ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان) له‌م قۆناغه‌دا چی به‌ سه‌ر دێت؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: دوو شت هه‌یه‌ ڕوئیای نه‌وه‌ی ئێمه‌یه‌. ڕوئیای نه‌وه‌ی نوێ ئه‌وه‌یه‌ بابه‌تی ماده‌ی 140 وه‌کوو هه‌موو ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کانی ژێر ده‌ستی داعش ناوچه‌یێکی کاولکراو و بێ خزمه‌ت و بێ ئه‌منییه‌ته‌ به‌ڵام حه‌ساسییه‌تی ناوچه‌کانی ماده‌ی 140 ئه‌وه‌یه‌ عێرقی تایفیی تێدایه‌ و ئاڵۆزتره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆته‌ هۆی ئاڵۆزتر بوونی کێشه‌که‌ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی کار و خراپیی ئه‌دای حکوومه‌ت له‌و ناوچانه‌یه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ وای کردوووه‌ کێشه‌ی عێرقی تایفی ببێته‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی به‌ڵام به‌ ڕای ئێمه‌ ئه‌مانه‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی نین. خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و مه‌سیحییه‌کانیش وه‌کوو خه‌ڵک به‌یه‌که‌وه‌ کێشه‌یان نییه‌ به‌ڵکوو سیاسییه‌کان خۆیان بۆ ده‌ستکه‌وتی شه‌خسی ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن به‌ کێشه‌ی قه‌ومی و کێشه‌ی ماده‌ی 140 به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت سه‌رکه‌وتوو بێت له‌ پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاری و ده‌رفه‌تی کار بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بڕه‌خسێنێت به‌شێکی زۆری کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ئه‌بێت به‌ڵام وه‌کوو ئیداره‌دانی ناوچه‌ی جێناکۆک بابه‌تێکی ده‌ستوورییه‌ و حکوومه‌تی عێراق و هیچ که‌سی دیکه‌ش ناتوانێت ماده‌یێکی ده‌ستوور لابدات به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌م مه‌رحه‌له‌یه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ستیاری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کرێت چ له‌لایه‌ن حکوومه‌تی عێراق و چ له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانیش ئامانجه‌ گه‌وره‌که‌مان لێ تێک ده‌دات که‌ خوشگوزه‌رانییه‌ بۆ هاووڵاتییانی عێراقی. ڕوئیای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕێگای ده‌ستوور و دادگاکانی عێراقه‌وه‌ حه‌ل بکرێت و حکوومه‌تی عێراق ئیلتیزام بکرێت به‌ جێبه‌جێ کردنی ماده‌یێکی ده‌ستووری که‌ خۆیان ده‌نگی پێداوه‌ و به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ ده‌ستووری عێراق به‌ڵام من چاوه‌ڕوان ناکه‌م ئه‌گه‌ر کابینه‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی کابینه‌یێکی جێگیر بێت ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ بابه‌تێکی جیاکراوه‌ی نێوان عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ڵکوو هه‌ر جار جار لێره‌ و له‌وێ کێشه‌ دروست ده‌بێت تاوه‌کوو پارێزگاری که‌رکووک له‌ که‌رکووک هه‌ڵبژێردرێت و شنگال قایمقامێکی بۆ دابنرێت و خه‌ڵکی شنگال خۆیان ئیداره‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.

کوردپرێس: له‌م دیفاکتۆیه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ یان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ چ ده‌ورێک ده‌بینێت؟

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌ددین: ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان نه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت نه‌ به‌ حکوومه‌تی ناوه‌ند به‌ڵکوو به‌ خه‌ڵکی که‌رکووک و خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئه‌وا ئه‌و فیتنه‌یه‌ که‌ بیری لێده‌که‌ینه‌وه‌ و خۆیشمان وه‌کوو نه‌وه‌ی نوێ داوا ده‌که‌ین خه‌ڵکی که‌رکووک خۆیان به‌شێک بن له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان چوونکه‌ ده‌بێت جه‌یش بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ش و به‌ سوپای عێراق و به‌ پۆلیسی فیدڕاڵیشه‌وه.‌ له‌ حاڵه‌تێکی ئاساییدا خه‌ڵکی که‌رکووک به‌شێکن له‌ پۆلیس و هێزی تایبه‌تی شاره‌که‌ و خۆیان به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانیانه‌وه‌ ناوچه‌کانی خۆیان بگرنه‌ ژێر ده‌ست و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ نێوان پێکهاته‌کانی شاری که‌رکووکدا هه‌بێت وه‌کوو چۆن له‌ خانه‌قین ئێستا حاڵه‌تێکی ئیستیقرار هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئاسایشیشی لێیه‌ به‌ڵام ئیداره‌ی شاره‌که‌ خه‌ڵکه‌که‌ خۆیان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. دۆخی که‌رکووک به‌شێکی زۆری په‌یوه‌ندیی به‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ره‌و ئاسایی بوون بڕوات.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50480

Your Comment

You are replying to: .
captcha