فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: یـه‌كـێتی بـژارده‌ی بـوون بـه ‌ئۆپۆزسیۆنی لـه‌بـه‌رده‌ستدایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: بژارده‌ی یه‌كه‌ممان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری له ‌حكوومه‌تدا بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی خۆمان داوای ده‌كه‌ین كه‌ بریتییه‌ له‌ به‌شداریی ڕاسته‌قینه‌ نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌ به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ناچار ده‌بین بچینه‌ سه‌ر بژارده‌ی دووه‌م که‌ به‌شداری نه‌کردنه‌ له‌ حکوومه‌ت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: هه‌روه‌ک چۆن له ‌به‌غدا پارتی تۆڵه‌ له ‌یه‌كێتی ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش له ‌پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پارتی به‌ به‌شداری پێنه‌كردنی "شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌" ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتی بكاته‌وه‌.

ناوبراو ده‌شڵێت: "كێشه‌ی كه‌ركووک و وه‌زاره‌تی داد و پۆستی سه‌رۆک كۆمار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌یه‌ به ‌جۆرێک پێشبینیمان نه‌ده‌كرد به‌م جۆره‌ ئاڵۆز بێت".

ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند: له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆمان، كه‌ به‌رنامه‌مان دانا بۆ لیژنه‌ی دانووستانكار بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ له‌وێش هه‌روا باسمان كردوووه‌ كه‌ بژارده‌ی دووه‌ممان به‌شداری نه‌كردنه‌ له‌ حكوومه‌ت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی گوتیشی: "ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ بگاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ یه‌كێتی له ‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شداری له‌ حكوومه‌ت نه‌كات له ‌هه‌رێمی كوردستان دۆخێكی تایبه‌ت دێته‌ ئاراوه.‌ ده‌توانم بڵێم نیو حكوومه‌ت له‌ئارادا ده‌بێت و ناتوانرێت حكوومه‌تی سه‌رتاسه‌ری بێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به ‌سه‌ر هه‌موو كوردستاندا. پێم وانییه‌ ئه‌و كات شتێک بوونی هه‌بێت به‌ ناوی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌تا ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌شداری بكات ئه‌وكاته‌ ده‌بێته‌ هێزی یه‌كه‌م و سێیه‌م كه‌ حكوومه‌ت پێكده‌هێنن به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ گۆڕانیش به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا نه‌كات، هه‌رچه‌نده‌ لێكتێگه‌یشتنێكی له‌و جۆره‌مان له‌گه‌ڵ گۆڕان نییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ هاته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ من پێم وانییه‌ ئه‌وانیش خۆیان تێوه‌بگلێنن له ‌كێشه‌یێكی زۆر گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر پارتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی نه‌بێت پێم وایه‌ هه‌رێم به‌ره‌و هه‌لومه‌رجێكی نادیار ده‌چێت كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم زۆر دره‌نگ پێكدێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50390

Your Comment

You are replying to: .
captcha