کوردپرێس:
یوسف ئەمین عەبدوڵڵا، ئەندامی پەیوەندییەكانی كەمپی شەهید رۆستەم جودی (كەمپی مەخموور)، بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە، ئێمە لەبەرخودانی بەردەوامداین و سەدان شەهیدو قوربانیمان داوە، هیچ كاتێكیش سڵمان لەبۆردومانی دوژمن نەكردۆتەوەو بەردەوامیش لەدژیان وەستاوین.
وتیشی:" لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، دووجار هێرشكراوەتەسەرمان، هەندێك لایەنی ناوخۆیی هەرێمیش لەپشتی پەردەوە بەشداربوون لەهێرشەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی فڕۆكەكانی توركیا".
یوسف ئەمین، ڕەتی كردەوە بەهۆی مەترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەكانی توركیا، كەمپەكە جێبهێڵن و وتیشی:" ژمارەیەك پڕوپاگەندە بەو ئاراستەیە دەكرێن، بۆئەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو هاوڵاتیانی نیشتەجێی كەمپەكە بڵاوبكەنەوە".
بەوتەی ئەو ئەندامەی پەیوەندییەكانی كەمپی مەخموور، كەمپەكەیان لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەروەریی حکوومەتی عیراقدایە، دەشڵێت: " داوامان لە حکوومەتی عیراق كردووە، وەفدێك ڕەوانە بكەن و هەڵوێستی ڕوونیشیان لەسەر بۆردومانەكە هەبێت".
جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوان لەهێرش و بۆردومانەكانی توركیا ناترسن و كەمپەكەش چۆڵناكەن، راشیگەیاند:" ئێمە بۆ خۆراك و نان نەچووینەتە كەمپ، بەڵكوو بەهۆی زوڵم و ستەم و بارودۆخی سیاسی بەم جۆرە نیشتەجێ بووین، تا یەك كەسمیشان مابێت، لەبەرخودان و ڕووبەڕوبوونەوەی توركیا بەردەوام دەبین".
Your Comment